هۆشداریی لافاو لە سێ شاری باکووری کوردستان دەدرێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا هۆشداریی لافاوی لە سێ شاری باکووری کوردستاندا.

بەهۆی بارانێکی بەخوڕ و تەرزەوە ئاستەنگییەکی زۆر بۆ ژیانی هاووڵاتییانی پارێزگای گوموشخانە دروست بوو. لە ناوەندی شارەکەدا بڕێکی زۆری ئاوی باران لە شەقامەکاندا کۆبووەوە و هاتوچۆی ئۆتۆمبێل پەکی کەوت. بەم هۆیەوە بەشێک لە شۆفێران ناچار بوون ئۆتۆمبێلەکانیان لە کەنار رێگەکان رابگرن.

هەر بەهۆی ئەم شەپۆلە بارانەوە هەرەس و داڕمانی خاک و بەرد لە چیاکانی دەوروبەر روویدا. بەردە داڕماوەکان زیانیان بە یەکە نیشتەجێبووەکان گەیاند، هەروەها چەند ئۆتۆمبێلێک بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوت.

لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا نوێترین راپۆرتی خۆی بڵاوکردەوە، تێیدا هۆشداری دا شەپۆلێکی باران و بروسکە چەند ناوچەیەکی جیاواز دەگرێتەوە.

 بەپێی راپۆرتەکە پێشبینی دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بارانی بەخوڕ و بروسکە شارەکانی باکووری کوردستان، بەتایبەت مەلەتی، مووش و وان بگرێتەوە.

کەشناسیی تورکیا داوای لە هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە کرد وریای ئەگەری دروستبوونی لافاو و هەورەبرووسکە بن. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کەشێکی هەور و باراناوی لە زۆربەی ناوچەکانی باکووری کوردستان بەردەوام دەبێت.