ئەندامانی کۆنگرێس بۆ کوردستان24: پشتیوانیی سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی ترەمپ دەکەین

کۆنگرێسمانەکانی ئەمریکا پشتیوانی لە بڕیاری سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی دۆناڵد ترەمپ دەکەن لە جەنگی دژی ئێران و جەخت دەکەنەوە بڕیاری جەنگ تەنیا لە دەسەڵاتی کۆنگرێسدایە. 

لەم بارەیەوە تۆماس ماسی، ئەندامی کۆنگرێس بە کوردستان24ـی راگەیاند، "دەنگدانێکی گرنگمان لە ئەنجوومەنی نوێنەران هەبوو و منیش پشتیوانیی پرۆژەکەم کرد. ئەم پرۆژەیە ئامۆژگاریی دۆناڵد ترەمپ دەکات لە جەنگی دژی ئێران بکشێتەوە."

گوتیشی "خەڵکی ئەمریکا چیتر پشتیوانیی ئەم جەنگە ناکەن. زۆرینەی خەڵک دژی جەنگە و بە هۆیەوە نرخی سووتەمەنی و پەینی کیمیایی بەرز بووەتەوە، بۆیە ئەم جەنگە هیچ دەستکەوتێکی نییە."

لەلایەکی دیکەوە راندی فاین، ئەندامی کۆنگرێس بە کوردستان24ـی گوت "دەبێت دڵنیا بینەوە ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و دەستی بەم چەکە ناگات بۆ ئەوەی بیگەیەنێتە وڵاتەکەمان. دەبێت بە زووترین کات گەرووی هورمز بە رووی ئازادیی دەریاوانیدا بکرێتەوە."

هەروەها جۆرجی ویکس، ئەندامی کۆنگرێس رایگەیاند، "ئەوەی دەنگمان لەسەر داوە ئەوەیە سەرۆک بۆ هەڵگیرسانی جەنگ دەبێت بێتە کۆنگرێس، چونکە تەنیا کۆنگرێس توانای بڕیاردانی لەسەر جەنگ هەیە. ئەمە ئەو رەشنووسەیە ئێمە پشتیوانی دەکەین و دەنگمان بۆی داوە."

 

سەرهەڵدانی جەنگی ئێران

رۆژی 28ـی شوباتی 2026، ئیسرائیل و ئەمریکا دەستیان کرد بە ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی هاوبەشی سەربازی بۆ سەر ئێران.

ئەم هێرشانە سەدان ئامانجی سەربازی، دامەزراوەی مووشەکی، بەرگری ئاسمانی و ناوەندەکانی سەرکردایەتیان لەو وڵاتە کردە ئامانج. لە ئەنجامدا رێبەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی و دەیان سەرکردە و فەرماندەی سەربازیی ئێران کوژران.

لە وەڵامی هێرشەکان، رۆژانە سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەک و درۆن هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو، هەرێمی کوردستان و عێراق.

لە درێژەی جەنگەکەدا، ئێران گەرووی هورمزی داخست، کە نزیکەی 20%ی نەوتی جیهان تێیدا دەگوازرێتەوە و هێرش کردە سەر کەشتییەکان. ئەمە بووە هۆی قەیرانێکی گەورەی ئابووری جیهانی و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

ئەمریکاش لە وەڵامی داخستنی گەرووەکە، گەمارۆی دەریایی خستە سەر بەندەرەکانی ئێران، کەشتییەکانی دەچوونە ناو بەندەرەکانی ئێران دەگرت یان دەیانگەڕاندەوە. ئەم دوو گەمارۆیە پێکەوە هورمزیان بە شێوەیەکی بەرچاو داخست و بووە هۆی زیانێکی گەورەی ئابووری.

جەنگەکە 40 رۆژی خایاند؛ دواتر بە نێوەندگیریی پاکستان ئاگربەستێکی کاتی راگەیەنرا و گرژی و ئاڵۆزییەکان وەستان.

هەرچەندە گەڕێکی ڕاستەوخۆی دانوستانەکان لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوەچووە و بەرپرسانی هەردوو وڵات ڕۆژانە پەیام ئالوگۆڕ دەکەن، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی.