ئیسرائیل: شکستی دانوستانەکان بە واتای لێدانی توند لە ئێران دێت

بەرپرسێکی باڵای سەربازی ئیسرائیل هۆشداری دەداتە تاران و رایدەگەیەنێت، لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستانەکان و هەرەسهێنانی ئاگربەست، سوپای وڵاتەکەی بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا "گورزێکی زۆر کوشندە و کەمەرشکێن" لە ئێران دەوەشێنن.

ئەم لێدوانانەی بەرپرسە ئیسرائیلییەکە لە کاتێکدایە، بڕیارە ئەم هەفتەیە ئەو ئاگربەستە کۆتایی بێت کە لە جەنگی نێوان (ئەمریکا-ئیسرائیل) دژ بە ئێران راگەیەندرابوو؛ لە کاتێکدا تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ خولێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران دیاری نەکراوە.

بەرپرسە سەربازییەکەی ئیسرائیل لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی "مەعاریف" ئاشکرای کردووە، سوپای ئیسرائیل و ئەمریکا لە "هەماهەنگییەکی زۆر نزیک و ورددان". لەم چوارچێوەیەشدا، براد کوپەر، فەرماندەی هێزە دەریاییەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) سەردانی ئیسرائیلی کردووە و لەگەڵ ئیال زامیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل کۆبووەتەوە، مەبەستی کۆبوونەوەکەش ئامادەکاری بووە بۆ ئەگەری هەرەسهێنانی لەناکاوی ئاگربەستەکە.

ئەو بەرپرسە دەڵێت: "ئێمە و ئەمریکییەکان لەوپەڕی ئامادەباشیداین. ئەگەر پێویست بکات جەنگ دەستپێبکەینەوە، دەزانین چی دەکەین. هەماهەنگی تەواومان هەیە و ئەو گورزەی دەیوەشێنین زۆر توند دەبێت و زیانی گەورە و قەرەبوونەکراوە بە ئێرانییەکان دەگەیەنێت."

رۆژنامەی مەعاریف لە زاری ئەو بەرپرسەوە، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بڵاویکردەوە، ئەمجارە دامەزراوەکانی وزەی ئێرانیش دەگرێتەوە.

ئەو بەرپرسە پێیوایە ئێران لە دۆخێکی زۆر لاوازدایە و دەڵێت: "ئێران لە کاتێکدا دەچێتە ناو دانوستانەکانەوە کە تووشی شەکەتییەکی زۆر بووە و تواناکانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، ئابوورییەکەی داڕماوە و ئێستا خەریکە لە قەبارەی ئەو زیانە گەورانە تێدەگات کە بەری کەوتووە."

بەگوێرەی زانیارییەکانی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی 40 رۆژی جەنگدا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا زیاتر لە 37 هەزار موشەک و بۆمبیان بەسەر ئامانجە جیاوازەکان لە ئێراندا باراندووە، ئەمەش قەبارەی ئەو وێرانکارییە دەردەخات کە بەر ژێرخانی سەربازی ئەو وڵاتە کەوتووە.