ترەمپ: نوێنەرەکانم بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران بەرەو پاکستان بەڕێکەوتوون
سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی وێرانکردنی سەرجەم وێستگەکانی کارەبا و پردەکانی ئێران دەکات ئەگەر رێککەوتنەکە قبووڵ نەکەن، هاوکات رێوشوێنە ئەمنییەکان لە پایتەختی پاکستان تووندتر کراون و تیمی پێشەکیی ئەمریکاش بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان گەیشتووەتە ئەو وڵاتە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترۆس سۆشیاڵ" رایگەیاند، دوێنێ (شەممە، 18ـی نیسان)، لە گەرووی هورمز تەقەی کردووە، ئەمەش پێشێلکردنێکی تەواوەتیی رێککەوتنی ئاگربەستەکەیە.
ترەمپ ئاماژەی بەوە دا، زۆربەی تەقەکان ئاراستەی کەشتییەکی فەرەنسی و بارهەڵگرێکی بەریتانی کراون. روونیشی کردەوە، شاندێکی وڵاتەکەی بەرەو ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێ دەکەون و بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکان ئێوارەی دووشەممە دەگەنە ئەوێ. سەبارەت بە داخستنی گەرووی هورمزیش باسی لەوە کرد، تاران رۆژانە 500 ملیۆن دۆلار زیان دەکات، لە کاتێکدا ئەمریکا هیچ زەرەرێک ناکات و چەندین کەشتیش بەرەو ویلایەتەکانی ئەمریکا بەڕێ کەوتوون بۆ بارکردن.
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری توندی دا و ئەوەشی خستە روو، رێککەوتنێکی زۆر دادپەروەرانەیان پێشکەش کردووە، ئەگەر ئێرانییەکان رەتی بکەنەوە، ئەوا ئەمریکا سەرجەم وێستگەکانی کارەبا و هەموو پردەکانی ناو ئێران وێران دەکات، چونکە کاتی نەرمی نواندن کۆتایی هاتووە و دەبێت ئامێری کوشتنی ئێران رابگیرێت.
لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی "ئەسۆشێتد پرێس" لە زاری چەند بەرپرسێکی پاکستانییەوە بڵاوی کردەوە، رێوشوێنە ئەمنییەکان لە ئیسلام ئاباد تووندتر کراون بۆ ئامادەکاریی گفتوگۆکانی نێوان واشنتن و تاران.
بەرپرسەکان ئاماژەیان بەوە کرد، رێکخستنەکان بەردەوامن و نێوەندگیرەکان دوایین کارەکانیان دەکەن بۆ دەستپێکردنی گەڕێکی نوێی دانوستانەکان لە چەند رۆژی داهاتوودا.
هاوکات سەرچاوە میدیاییەکانی پاکستان روونیان کردەوە، دوو فڕۆکەی ئەمریکی گەیشتوونەتە ئیسلام ئاباد و تیمێکی پێشەکییان هەڵگرتووە. هەروەها تیمە ئەمنییەکانی ئەمریکاش بۆ بەڕێوەچوونی دانوستانەکان لە پایتەختی پاکستان جێگیر کراون.
دەقی پەیامەکەی ترەمپ:
دوێنێ ئێران بڕیاری دا لە گەرووی هورمز تەقە بکات، ئەمەش پێشێلکردنێکی تەواوەتیی رێککەوتنی ئاگربەستەکەمانە! زۆربەی تەقەکان ئاراستەی کەشتییەکی فەرەنسی و بارهەڵگرێکی بەریتانی کرابوون. ئەوە کارێکی باش نەبوو، وایە؟ نوێنەرەکانم دەچنە ئیسلام ئاباد لە پاکستان، ئێوارەی سبەی لەوێ دەبن بۆ دانوستان. تاران بەم دواییە رایگەیاند، گەرووەکە دادەخەن، ئەمەش سەیرە، چونکە گەمارۆکەی ئێمە پێشتر دایخستووە. ئەوان بەبێ ئەوەی بزانن یارمەتیمان دەدەن، و خۆشیان بە هۆی داخستنی رێڕەوەکەوە زەرەرمەند دەبن و رۆژانە 500 ملیۆن دۆلار زیان دەکەن! ئەمریکا هیچ زیانێک ناکات. لە راستیدا لە ئێستادا چەندین کەشتی بەرەو ئەمریکا و ویلایەتەکانی تێکساس و لویزیانا و ئالاسکا بەڕێ کەوتوون بۆ بارکردن، ئەمەش بە هۆی سوپای پاسدارانەوەیە، هەمیشە دەیانەوێت خۆیان وەک "کەسی بەهێز" نیشان بدەن! ئێمە رێککەوتنێکی زۆر دادپەروەرانە و گونجاو پێشکەش دەکەین، و هیوادارم قبووڵی بکەن، چونکە ئەگەر رەتی بکەنەوە، ئەمریکا سەرجەم وێستگەکانی کارەبا و هەموو پردەکانی ناو ئێران وێران دەکات. ئیتر کاتی نەرمی نواندن کۆتایی هات! ئەوان بە خێرایی و بە ئاسانی تێکدەشکێنرێن و ئەگەر رێککەوتنەکە قبووڵ نەکەن، ئەوا جێگەی شانازیم دەبێت ئەو کارە بکەم پێویستە بکرێت، ئەو کارەی پێویست بوو لە 47 ساڵی رابردوودا لەلایەن سەرۆککۆمارەکانی پێشووتری ئەمریکاوە بەرانبەر ئێران بکرێت. کاتی ئەوە هاتووە ئامێری کوشتنی ئێران کۆتایی پێ بێت!
شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی 2026 دەستی پێکرد و زیانێکی زۆری لێکەوتەوە.
یەکێک لە کاردانەوەکانی تاران بەرانبەر هێرشەکان، داخستنی گەرووی هورمز بوو بە رووی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکاندا، بەڵام ئەمریکا بە خێرایی گەمارۆی خستە سەر گەرووەکە. دواتر بە نێوەندگیریی راستەوخۆی پاکستان، ئاگربەستێک بۆ ماوەی دوو هەفتە لە نێوان ئەمریکا و ئێران راگەیەنرا بە مەبەستی رەخساندنی دەرفەت بۆ گفتوگۆی دیپلۆماسی و گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی.
سەرەڕای ئاگربەستەکە، گرژییەکان لە دەریادا بەردەوامن و مەترسیی هەڵوەشانەوەی ئاگربەستەکەیان دروست کردووە. لە ئێستاشدا پاکستان رۆڵێکی سەنتەری دەگێڕێت لە کۆکردنەوەی لایەنەکان، بۆ ئەو مەبەستەش رێوشوێنی ئەمنیی بێپێشینەی لە پایتەختەکەی گرتووەتەبەر بۆ میوانداریکردنی شاندە باڵاکانی ئەمریکا و ئێران بە ئامانجی کۆتاییهێنان بەو ململانێیە.