وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشەی فراوانکردنی هێرشەکان بۆ سەر لوبنان دەکات
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، هۆشداریدایە حکوومەتی لوبنان و رایگەیاند، ئەگەر بەیرووت پابەندی بەڵێنەکانی نەبێت، سوپای ئیسرائیل مەودای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی فراوانتر دەکات.
یەکشەممە 19ـی نیسانی 2026، دەستەی پەخشی ئیسرائیل لە زاری یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بڵاویکردەوە: "دەبێت هەر باڵەخانەیەک یان ڕێگەیەک لە لوبنان کە گومانی بوونی تەقەمەنی و بۆمبی چێنراوی لێ بکرێت، تێکبدرێت،" هەروەها جەختی کردەوە، رێنمایی دراوە بە سوپا تاوەکوو بە وشکانی و ئاسمانی بجوڵێن بۆ مسۆگەرکردنی سەلامەتی هێزەکانیان.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بە بابەتێکی نوێ کرد و رایگەیاند: "دەبێت (هێڵی زەرد) تاوەکوو ئەو ناوچانە درێژببێتەوە کە چەکی دژە تانکی لێیە لە ناوخۆی لوبناندا"، هاوکات هۆشداریشی دا، ئەگەر حکوومەتی لوبنان بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکات، سوپا کاردانەوەی توندی دەبێت.
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە 16ـی ئەم مانگەدا رایگەیاندبوو، سەرکردەکانی ئیسرائیل و لوبنان لەسەر ئاگربەستێکی 10 رۆژە رێککەوتوون.
بەگوێرەی مەرجەکانی رێککەوتنەکە، ئاگربەستەکە بۆ ماوەی 10 رۆژ دەبێت و دەکرێت بە رەزامەندی هەردوولا درێژبکرێتەوە، بە مەرجێک ئیسرائیل مافی بەرگری لەخۆکردنی هەبێت بەرامبەر هەر هەڕەشەیەک، هەروەها لەسەر لوبنان پێویستە رێگری بکات لە هەر هێرشێک بۆ سەر ئیسرائیل و هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی لوبنان تەنها لایەنی بەرپرسیار بن لە پاراستنی ئاسایش، لە ژێر چاودێری و ناوبژیوانی ئەمریکادا.