گومان لە بەشدارییکردنی جەی دی ڤانس لە شاندی ئەمریکا بۆ ئیسلام ئاباد دەکرێت
سەرۆکی ئەمریکا، لە هەنگاوێکی کوتوپڕدا و پێش کۆتاییهاتنی وادەی ئاگربەست، "تیمی یەکلاکەرەوە"ی خۆی کە پێکهاتووە لە جەی دی ڤانس، جەرید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف، رەوانەی ئیسلام ئاباد دەکات؛ هەروەها میدیاکانی ئەمریکا گومانیان لە بەشدارییکردنی جێگری سەرۆک لەو شاندەی ئەمریکا دەکەن.
یەکشەممە 19ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بۆ رۆژنامەی نیویۆرک پۆست ئاشکرای کرد، کە تیمی باڵای دانوستانکاری ئەمریکا بەرەو ئیسلام ئاباد بەڕێ دەکەون بۆ ئەنجامدانی خولی دووەمی گفتوگۆکان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە تەنیا تاوەکو رۆژی چوارشەممە وادە بۆ ئاگربەستەکە ماوە.
ترەمپ پشتڕاستی کردەوە کە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، شەوی دووشەممە دەگاتە ئیسلام ئاباد. هەروەها جەرید کوشنەر، زاوا و راوێژکارەکەی، بەشدار دەبێت لەو دانوستانانەی بڕیارە رۆژی سێشەممە دەست پێ بکەن.
هاوکات لە بەشێک لە میدیاکان باس لەوە دەکەن، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا سەرکردایەتیی شاندی ئەمریکا بۆ ئیسلام ئاباد نەکات، بەڵام مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە کەناڵی (ABC)ی راگەیاند، جەی دی ڤانس، سەرکردایەتی ئەو شاندە ئەمریکا دەکات.
هەر ئەمڕۆ ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس" هێرشی توندی کردە سەر تاران بەهۆی ئەوەی رۆژی شەممە سوپای پاسداران تەقەی لە کەشتییە فەرەنسی و بەریتانییەکان کردووە و گوتی: "ئەمە پێشێلکردنی تەواوەتی ئاگربەستە. ئەوان بە نائاگایی خەریکی زیانگەیاندنن بە خۆیان، چونکە بەهۆی داخستنی گەرووەکەوە رۆژانە 500 ملیۆن دۆلار زیانیان لێدەکەوێت." ترەمپ نووسیویەتی: "چیتر پیاوی باش نابین (NO MORE MR. NICE GUY)."
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە ئامانجی سەرەکی لەم دانوستانانە وەرگرتنەوەی تەواوی پاشماوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانە، ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (Fox News) گوتی: "ئەگەر ئێران ئەم رێککەوتنە واژۆ نەکات، تەواوی و وڵاتەکە دەتەقێنرێتەوە." هەروەها هۆشداری دا کە فەرمانی داوە پردەکان و ژێرخانی وزەی ئێران بکرێنە ئامانج ئەگەر بگەنە بنبەست.
وادەی ئاگربەستە دوو هەفتەییەکە رۆژی چوارشەممە کۆتایی دێت. ترەمپ دەڵێت درێژکردنەوەی پێویست نابێت چونکە "رێککەوتنەکە دەبێت، یان بە رێگەی خۆش یان بە رێگەی سەخت." ئاشکراشی کرد کە ئەمریکا لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە چاودێری وردی وێستگە ئەتۆمییەکان دەکات و ئامادەی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی مەترسیدارە بۆ بردنەدەری یۆرانیۆمەکە بە هێز، ئەگەر دانوستانەکان سەرکەوتوو نەبن.
سەبارەت بەوەی ئایا خۆی دەچێتە پاکستان بۆ واژۆکردنی رێککەوتنەکە، ترەمپ گوتی: "پێناچێت ئێستا بچم، رەنگە لە کاتێکی تردا بێت.
یەکشەممە، 12ی نیسانی 2026، جەی دی ڤانس، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی ئێران بە سەرکردایەتی محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ئیسلام ئاباد رایگەیاندبوو، "شاندەکانی واشنتن و تاران بۆ ماوەی 21 کاتژمێر دانوستانیان کرد، بەڵام نەگەیشتینە رێککەوتنێکی وا کە جێگەی رەزامەندی هەردوولا بێت." ڤانس ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان وەک لایەنی ئەمریکی باشترین پێشنیازیان پێشکەش بە لایەنی ئێرانی کردووە، بەڵام رەتیکردەوە وردەکاری زیاتری ناوەڕۆکی پێشنیازەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکات.