ترەمپ بۆچی بەسەر راوێژکارەکانی هاواری کرد
راپۆرتێکی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرای دەکات لە کاتی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی فڕۆکەوانە ئەمریکییەکە، ڕاوێژکارەکانی ترەمپ لە ترسی بڕیارە کتوپڕەکانی، رێگەیان نەداوە سەرۆک ئاگاداری وردەکارییە ساتبەساتەکان بێت. ترەمپ کە لە ترسی دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ساڵی 1979ـی جیمی کارتەر لەوپەڕی تووڕەییدا بووە، تەنیا لە کاتە کۆتاییەکاندا لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکە ئاگادار کراوەتەوە.
یەکشەممە 19ی نیسانی 2026، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە راپۆرتێکدا پەردەی لەسەر دۆخی ناوخۆیی کۆشکی سپی لادا دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکا لەلایەن ئێرانەوە. راپۆرتەکە ئاماژە بە تووڕەیی توندی دۆناڵد ترەمپ و بێ متمانەیی راوێژکارەکانی بەرانبەر بە بڕیارە کتوپڕەکانی دەکات.
بەپێی راپۆرتەکە، دوای رووداوی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکە، ترەمپ بە توندی تووڕە بووە و بەسەر یاریدەدەرەکانیدا هاواری کردووە. لە ساتێکی گفتوگۆکاندا، ترەمپ ناوی جیمی کارتەر و قەیرانی بارمتەکانی ساڵی 1979ی هێناوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە نایەوێت وەک کارتەر بە لاوازی بەرانبەر ئێران دەربکەوێت و رووبەڕووی هەمان چارەنووس ببێتەوە.
وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرای کردووە کە لە کاتی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنە پڕ مەترسییەکە بۆ ڕزگارکردنی فڕۆکەوانە ئەمریکییەکە، ڕاوێژکارە سەربازی و ئەمنییەکان بڕیاریان داوە ترەمپ نەبێتە بەشێک لە گفتوگۆ راستەوخۆ و ساتبەساتەکانی ئۆپەراسیۆنەکە.
بەرپرسانی کۆشکی سپی ئاماژەیان بەوە کردووە کە تەنیا لە ساتە یەکلاکەرەوەکاندا ترەمپیان لە پێشهاتەکان ئاگادار کردووەتەوە. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە گەڕاوەتەوە کە راوێژکارەکان پێیان وابووە بێسەبوریی ترەمپ لەو ساتە هەستیارانەدا یارمەتیدەر نابێت و رەنگە ببێتە هۆی تێکدانی پلانە وردە سەربازییەکان.