9 وڵات؛ خاوەنی زیاتر لە 12 هەزار کڵاوەی ئەتۆمین
راپۆرتێکی نێودەوڵەتی: رووسیا و ئەمریکا 90%ـی چەکە ئەتۆمییەکانی جیهانیان بەدەستە.
لە نوێترین ئاماری فیدراسیۆنی زانایانی ئەتۆمی بۆ ساڵی 2025، دەرکەوتووە کە جیهان خاوەنی زیاتر لە 12 هەزار کڵاوەی ئەتۆمییە، کە نۆ وڵاتی سەرەکی سەرپەرشتییان دەکەن. هەرچەندە ژمارەی چەکەکان بەراورد بە سەردەمی جەنگی سارد کەمی کردووە، بەڵام توانای وێرانکاریی ئەم چەکانە بە شێوەیەکی ترسناک زیادی کردووە و پێشبینی دەکرێت لە دەیەی داهاتوودا جبەخانەکان فراوانتر ببن.
وڵاتە خاوەن چەکە ئەتۆمییەکان
ئێستا لە جیهاندا 9 وڵات خاوەنی چەکی ئەتۆمین، ئەوانیش بریتین لە: (ڕووسیا، ئەمریکا، چین، فەرەنسا، بەریتانیا، پاکستان، هیندستان، ئیسرائیل و کۆریای باکوور).
بە پێی ئامارەکانی ساڵی 2025، ئەم وڵاتانە خاوەنی 12 هەزار و 331 کڵاوەی ئەتۆمین، کە زیاتر لە 9 هەزار و 600 دانەیان لە کۆگا سەربازییە چالاکەکاندان.
کێ زۆرترین چەکی ئەتۆمی هەیە؟
ڕووسیا لە پلەی یەکەمدایە بە هەبوونی زیاتر لە 5 هەزار و 500 کڵاوەی ئەتۆمی. دوای ئەو، ئەمریکا دێت بە 5 هەزار و 44 کڵاوە. ئەم دوو وڵاتە پێکەوە خاوەنی %90ـی چەکە ئەتۆمییەکانی جیهانن.
ئەمریکا چەکە ئەتۆمییەکانی لە ناوخۆ و پێنج وڵاتی دیکەش وەک؛ (تورکیا، ئیتاڵیا، بەلجیکا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا) جێگیر کردووە.
سەبارەت بە ئیسرائیل و کۆریای باکوور، ژمارەکان بە فەرمی پشتڕاست نەکراونەتەوە، بەڵام دەگوترێت کۆریای باکوور توانای دروستکردنی 40 بۆ 50 بۆمبی ئەتۆمی هەیە و ئیسرائیلیش خاوەنی ماددەی پێویستە بۆ 200 بۆمب، لە کاتێکدا مەزەندە دەکرێت 90 کڵاوەی ئامادەکراوی هەبێت.
چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی؛ وێرانکەرێکی بێدەنگ
چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی ئەو چەکانەن کە لە چوارچێوەی رێککەوتنە ستراتیژییەکانی نێوان ئەمریکا و رووسیا نین. رووسیا خاوەنی هەزار و 912 کڵاوەی تاکتیکییە و ئەمریکاش 200 کڵاوەی هەیە (100 دانەیان لە ئەوروپایە). ئەم چەکانە هەرچەندە بە "بچووک" ناودەبرێن، بەڵام هێزەکەیان دەگاتە 300 کیلۆتۆن، واتە 20 هێندە بەهێزتر لەو بۆمبەی شاری هێرۆشیمای وێران کرد.
وڵاتانی میواندار و پشتگیریکار
ئێستا شەش وڵات میوانداریی چەکی ئەتۆمیی وڵاتانی تر دەکەن: (بەلجیکا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا و تورکیا) کە چەکی ئەمریکییان تێدا جێگیر کراوە، هەروەها بێلارووس کە میوانداریی چەکی ئەتۆمی تاکتیکیی رووسیا دەکات.
جگە لەمانە، 28 وڵاتی دیکە هەن کە "پشتگیریکار"ی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمین لە چوارچێوەی هاوپەیمانییە سەربازییەکانی وەک "ناتۆ" و "پەیمانی ئاسایشی بە کۆمەڵ". ئەم وڵاتانە رێگە دەدەن چەکی ئەتۆمی وەک بەشێک لە بەرگریی ئەوان لە ئەگەرە پێویستەکاندا بەکار بهێنرێت. لە دیارترین ئەو وڵاتانەش: (کەنەدا، ئوستوڕالیا، ژاپۆن، کۆریای باشوور، ئیسپانیا، پۆڵەندا و وڵاتانی سکاندیناڤیا).
کۆى گشتی ئەو وڵاتانەی بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندییان بە سیستەمی ئەتۆمییەوە هەیە 34 وڵاتن، کە شارەزایان ئەمە بە بەشێک لە کێشە گەورەکەی ئاسایشی جیهانی دادەنێن.