لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد مانیان لە خواردن گرت
لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای، دوای هەشت مانگ لە زیندانیکردنیان، بە فەرمی مانگرتنیان لە خواردن راگەیاند. ئەم هەنگاوەیان وەک ناڕەزایەتییەک دێت بەرانبەر بەو رێکارە یاساییانەی کەیسەکەیان، کە داوایان کردبوو بۆ دادگای تەمیزی هەولێر بگوازرێتەوە.
یەکشەممە، 19ـی نیسانی 2026، بورهان رەشید گوڵە، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: کە لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای، وەک ناڕەزایەتییەک بەرانبەر بەو رێکارە یاساییانەی لە کەیسەکەیاندا دەگیرێنەبەر، بڕیاری مانگرتنیان لە خواردن داوە.
سەرۆکی تیمی پارێزەران ئاماژەی بەوە کرد، هۆکاری سەرەکیی ئەم مانگرتنە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سەرەڕای داواکارییە فەرمییەکانیان بۆ گواستنەوەی دۆسیەکە بۆ دادگای تەمیزی هەولێر، تاوەکوو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی لەو بارەیەوە نەنراوە و رێگری لە ڕێڕەوی یاسایی کەیسەکە دەکرێت.
هاوکات، لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی زیندانیکراوی بەرەی گەل لە رێگەی پەیامێکی فەرمییەوە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) رایگەیاند: "هەشت مانگە دوور لە هەموو عورفێکی دامەزراوەیی و یاسایی بە ناحەق زیندانی کراوین."
لاهور لە پەیامەکەیدا بە توندی رەخنەی لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی، گرت و تۆمەتباری کردن بەوەی فشارەکانیان لەسەر دادگا بووەتە رێگر لەبەردەم گواستنەوەی دۆسیەکە بۆ دادگای تەمیز.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، لاهور شێخ جەنگی جەختی کردەوە: "لە ئەمڕۆوە لەگەڵ کاک پۆڵاد بڕیارمان داوە مان لە خواردن بگرین تا ئەو کاتەی سەروەریی یاسا لە دۆسیەکەماندا بەدی دێت."
لاهور شێخ جەنگی گوتیشی: "بۆ هەڵماڵینی سیناریۆکانی ئێوە جارێکی دیکە ئامادەین، سەرکێشی بە ژیانی خۆمانەوە بکەین تا هەمووان بزانن کە ئێوە هیچ رۆڵێکتان بۆ دادگا و دامەزراوەکانی سلێمانی نەهێشتووەتەوە."
ئەم ئاڵۆزییانە پاشخانی بۆ شەوی 22ـی ئابی 2025 دەگەڕێتەوە، کاتێک شەڕێکی قورس لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە شاری سلێمانی لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و لایەنگرانی لاهور شێخ جەنگیدا رووی دا.
لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، کە چەندین کوژراو و برینداری لێکەوتەوە، لاهور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیر کران و تا ئێستاش لە زینداندا ماونەتەوە.