بومەلەرزەیەکی بەهێز ژاپۆن دەهەژێنێت و هۆشداریی تسونامی دەدرێت
ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی نیسانی 2026، ئاژانسی کەشناسیی ژاپۆن رایگەیاند؛ بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.4 پلە بە پێوەری رێختەر، کەناراوەکانی باکووری رۆژهەڵاتی ژاپۆنی هەژاند.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، هۆشداریی دراوە لە ئەگەری دروستبوونی شەپۆلی "تسونامی" کە رەنگە بەرزییەکەی بگاتە 3 مەتر لە پارێزگای (ئیواتێ) و بەشێک لە ناوچەکانی (هۆکایدو).
لەلایەکی دیکەوە، ناوەندی بوومەلەرزەزانیی ئەوروپا-دەریای ناوەڕاست (EMSC) بڵاویکردەوە، گوڕی بومەلەرزەکە 7.3 پلە بووە و لە کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی دوورگەی (هۆنشۆ)ی ژاپۆن روویداوە. ناوەندەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بوومەلەرزەکە لە قوڵایی 13 کیلۆمەتر لە ژێر زەویدا بووە.
تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر زیانە گیانی و ماددییەکان بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان داوا لە دانیشتوانی ناوچە کەنارییەکان دەکەن بە زووترین کات بەرەو ناوچە بەرزەکان بڕۆن.