فەرهاد ئەترووشی: ناکۆکی لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی هەیە و بوونەتە دوو بەرەی دژ بەیەک
ئەمڕۆ دووسەممە، 20ـی نیسانی 2026، فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، تیشکی خستە سەر بارودۆخی ناوخۆی ماڵی شیعە و ڕایگەیاند؛ ئێستا لەنێو "چوارچێوەی هەماهەنگی"دا ناکۆکی سەریهەڵداوە و بووەتە هۆی دروستبوونی دوو بەرەی سەرەکی و جیاواز.
بە گوتەی ئەترووشی، بەرەی یەکەم بریتییە لە نووری مالیکی و لایەنگرانی، لە بەرامبەریشدا بەرەیەکی دیکە دروستبووە کە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتی دەکات. سوودانی ئێستا خاوەنی گەورەترین فراکسیۆنە لەنێو پەرلەمانی عێراق لەسەر ئاستی شیعەکان، ژمارەی ئەندامەکانی لە نێوان 46 بۆ 50 پەرلەمانتاردایە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم کێشە و ململانێیانە رۆژ بە رۆژ بەرەو قووڵبوونەوەی زیاتر دەچن. هەروەها گوتیشی: "من بڕوا ناکەم ئەم کێشانە بە ئاسانی چارەسەر ببن و ئەگەری هەیە کاتێکی زۆری بوێت تاوەکو لایەنەکان لەسەر ئەم بابەتە بگەنە رێککەوتن."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، ململانێی سیاسی لەسەر پۆستەکان و شێوازی بەڕێوەبردنی حکوومەت لەنێوان لایەنە پێکهێنەرەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەردەوامی هەیە.