لە چەمچەماڵ شانۆگەری "cm" نمایشکرا
شانۆگەری "cm"، کە لە دەرهێنانی شێرزاد حەسەن و سۆران حوسێنە، لە چەمچەماڵ لە زانکۆی چەرمۆ نمایشکرا.
دووشەممە، 20ی نیسانی 2026، شێرزاد حەسەن، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە بە کوردستان24ی گوت، "دوای ئەوەی شانۆگەرییەکەمان لەماوەی رابردوودا بەشداری چەندین فێستیڤاڵی گرنگی کردووە و خەڵاتی بەدەستهێناوە، هەروەها پێشتر لە سلێمانی و چەمچەماڵ ئەو شانۆگەرییە نمایش کراوە. ئەو شانۆگەرییەشمان لە 11یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی ئامەد بەشدارە و پێشبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵات دەکەین، بۆیە بەبۆنەی یادی ئەنفالەوە بڕیارماندا ئەو شانۆگەرییە دووبارە لە چەمچەماڵ نمایش بکەینەوە.
شێرزاد حەسەن گوتیشی، "چیڕۆکی شانۆگەرییەکە باس لەوە دەکات کە رۆڵی ژیانی کەسێک دەگێڕێت کە لەناو دۆخێکی قورس و پڕ لە تەنیاییدا دەژی، کە بە شێوەیەکی رەمزی و هونەری پیشان دەدرێت، کە مرۆڤێکە لە نێوان ئێستا و رابردوودا گیراوە و ناتوانێت ئەو یادەوەرییە ناخۆشانە لەبیری خۆی بباتەوە."
ئەو دەرهێنەرە ئاماژەی بەوەش دا، "چیڕۆکەکە بە شێوەیەک دەچێتە ناو هەست و بیر و ترسە ناوەوەییەکانی مرۆڤ کە تێیدا، یادەوەرییەکانی رابردوو بەردەوام دەگەڕێنەوە و کاریگەری لەسەر ئێستای دروست دەکەن، هەروەها کەسایەتییەکە لەگەڵ خۆی قسە دەکات، وەک ئەوەی دوو جیهانی جیاواز لە ناخیدا هەبێت و هەست بە تاوان یان پەشیمانی لەسەر روداوێکی دیاریکراو هەیە، کە بە راستەوخۆ بە بینەر ناوترێت، بەڵکو بە شێوەیەکی رەمزی پیشان دەدرێت."
دەربارەی رووداوە راستەقینەکانی ناو نمایشەکە، ئەو دەرهێنەرە گوتی، "شانۆگەری CM زیاتر لەوەی روداوێکی راستەقینە بگێڕێت، هەوڵدەدات هەستێکی قووڵ و پڕ لە نارەحەتی بگەیەنێت، هەروەها ئەو نمایشە وەک یەکێک لە کارە بەهێزەکان لە ناو ئەم فێستیڤاڵەدا ناسراوە، کە هەوڵدەدات بە زمانێکی هونەری قووڵ، دەنگی ناخی مرۆڤی ئەمڕۆ بگەیەنێت."
شانۆگەری cm، کە لە دەرهێنانی شێرزاد حەسەن و سۆران حوسێنە، سۆران حوسێن رۆڵی سەرەکی دبینێت، هەروەها نمایشەکە بەشداری لە 11یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی ئامەد دەکات، کە بڕیارە 22ی نیسانی 2026 لە ئامەد بەڕێوەبچێت و ماوەی 11 رۆژ بخایەنێت.