مەکسیک؛ لە هێرشێکی چەکداریدا لە ناوچەیەکی شوێنەواری5 کەس کوژران
میدیا ناوخۆییەکانی مەکسیک بڵاویانکردەوە، لە ئەنجامی تەقەکردن لە ناوچەیەکی شوێنەواریی بەناوبانگ لە نزیك مەکسیکۆ سیتیی پایتەخت، پێنج کەس کوژران و بریندار بوون.
وەزارەتی ئاسایشی مەکسیک لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، کەسێک لە شوێنەواری "هەرەمەکانی تیوتیواکان" تەقەی کردووە، لە ئەنجامدا ژنێکی کەنەدی کوژراوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردوو، هێرشبەرەکە دوای ئەنجامدانی تاوانەکە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
سەرچاوە ئەمنییەکان رایانگەیاندووە، چەکدارەکە سەرکەوتووە بۆ سەر "هەرەمی مانگ" و لەوێوە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەی لە گەشتیاران کردووە. هاوکات باس لەوەش کراوە، ژمارەیەک لە گەشتیاران بەهۆی پاڵەپەستۆ و کەوتن لە کاتی هەڵهاتنیاندا تووشی پێکان و برینداری بوون.
دەستبەجێ دوای رووداوەکە، هێزە ئەمنییەکان گەمارۆی ناوچەکەیان دا و دەستیان بە پشکنین کرد، هەروەها شوێنەوارەکە بە تەواوی لە گەشتیاران چۆڵکرا.
تا ئێستا دەسەڵاتدارانی مەکسیک بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە بۆ ئاشکراکردنی وردەکاریی زیاتر و زانینی پاڵنەرەکانی پشت ئەو هێرشە خوێناوییە.