سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری: بەئەگەری زۆرەوە ئەمریکا هێرشە سەربازییەکانی دەستپێدەکاتەوە
غوڵام حوسێن موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران، پێشبینی دەکات ئەمریکا هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر وڵاتەکەی دەست پێ بکاتەوە، ئەم لێدوانە هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی گەڕێکی دیکەی دانوستان لە نێوان واشنتن و تاران لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان.
ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی نیسانی 2026، غوڵام حوسێن، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران، رایگەیاند، پێویستە وڵاتەکەی لە ئامادەباشییەکی تەواودا بێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێکی چاوەڕوانکراوی ئەمریکا، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان لەلایەن "دوژمنەوە" نەک هەر دوور نییە، بەڵکو ئەگەرێکی زۆر و بەهێزە.
سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری گوتیشی، دوژمن ئەم شەڕەی وەک جەنگێکی وا بینیوە پێی وابووە، دەتوانێت لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بە ئامانجەکانی بگات. دەشڵێت، "بڕوایان وابوو لە رێگەی بەکارهێنانی ئامرازە جەنگییەکان و سوودوەرگرتن لەو ئەزموونانەی لە جەنگی 12 رۆژەدا هەیانبوو، هەروەها بە کرانە ئامانجی رێبەری باڵا و فەرماندەکانی دیکە، لە ماوەی 24 یان 48 کاتژمێر یان هەفتەیەکدا بگەنە ئەنجام."
غوڵام حوسێن ئاماژەی بەوەش دا، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 40 رۆژ، دوژمن نەگەیشتە ئامانجەکانی، گوتیشی، "راستە گەورە پیاوانی ئێمەیان کوشت و لەدەستمان دان، بەڵام ئەوەی ئەوان دەیانویست بەدی نەهات، بێگومان دوژمنێک کە ئامانجی هەبووە و شکستی هێناوە، بە ئاسانی واز ناهێنێت، بۆیە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشە دڕندانەکانیان زۆرە."
لە کۆتایی قسەکانیدا، ئێژەیی جەختی لەسەر چەمکی "ئیرادە" کردەوە و رایگەیاند، "ئەم ئامادەباشییە 100%ـییەی باسی دەکەین، بەشێکی زۆری پەیوەستە بە ئیرادەی ئێمەوە، هەرچەندە ئیمکانیات و شوێن گرنگن، بەڵام ئەوەی تاوەکو ئێستا ئەم سەرکەوتنەی مسۆگەر کردووە، ئیرادەی خەڵک بووە؛ بۆیە لە قۆناخی یەکەمدا دەبێت ئیرادەی پێویستمان بۆ رووبەڕووبوونەوە هەبێت."
لەلایەکی دیکەوە، مەهدی تەباتەبایی، بەرپرسی کاروباری راگەیاندن لە نووسینگەی سەرۆک کۆماری ئێران، هۆشداریی دایە ئەمریکا گوتی، "دوژمن پێشتر ئێرانی تاقی کردووەتەوە و ئەگەر دووبارە تاقی بکاتەوە، تووشی هەڵەیەکی گەورە دەبێت."
ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، داوای لە تاران کرد بەردەوام بێت لە دانوستانەکانی پاکستان، بەڵام هاوکات هۆشداری دا کە رەتکردنەوەی دیالۆگ ئێران رووبەڕووی کێشەی بێوێنە دەکاتەوە، ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، ئۆپەراسیۆنی "Midnight Hammer" سەرکەوتوو بووە لە تێکشکاندنی چەندین دامەزراوەی هەستیاریی ئێراندا.