وەزیری کاری ئەمریکا دەستی لەکار کێشایەوە
کۆشکی سپی رایگەیاند، لۆری چافیز دێریمەر، وەزیری کاری ئەمریکا دەستی لەکار کێشایەوە، بەمەش دەبێتە سێیەم بەرپرسی باڵا لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کە لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا دەست لە پۆستەکەی بکێشێتەوە.
ستیڤن چیۆنگ، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی لە پلاتفۆڕمی ئێکس ئاشکرای کرد، وەزیرەکە بە مەبەستی کارکردن لە کەرتی تایبەت دەستی لەکار کێشاوەتەوە، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، "کێس سۆندەرلینگ"ی جێگری، بە وەکالەت ئەرکەکانی وەزارەتی کار بەڕێوەدەبات.
لای خۆیەوە، چافیز دێریمەر لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "کۆتاییهاتنی ماوەی خزمەتم لە ئیدارەکەدا بەواتای راگرتنی داکۆکیکردن لە کرێکارانی ئەمریکا نایەت، من چاوم لە قۆناخی داهاتووی کارکردنمە لە کەرتی تایبەتدا."
ئەم دەستلەکارکێشانەوەیە لە کاتێکدایە کە لێکۆڵینەوەیەکی ناوخۆیی سەبارەت بە گومانەکانی "رەفتاری خراپ" لە ناو وەزارەتەکەدا دەستی پێکردووە، بەگوێرەی رۆژنامەی "نیویۆرک پۆست"، وەزیری کار تۆمەتبارە بە هەبوونی پەیوەندییەکی نەگونجاو لەگەڵ یەکێک لە فەرمانبەرە ژێردەستەکانی، هەروەها خواردنەوەی کحول لە نووسینگەکەی لە کاتی دەوامدا، جگە لەمانە، تۆمەتی ساختەکاری لە گەشتە فەرمییەکاندا رووبەڕووی کراوەتەوە، بەوەی گەشتە خێزانییەکانی وەک گەشتی فەرمی دەوڵەت هەژمار کردووە.
لۆری چافیز لە مانگی 3ـی ساڵی 2025دا پۆستەکەی وەرگرت، ئەوەش دوای ئەوەی بۆ ماوەی 2 ساڵ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران بوو، لە ماوەی وەزیرایەتیدا، هەزاران فەرمانبەر لە وەزارەتەکەی دوورخرانەوە یان ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کران.
پێش دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری کار، کریستی نۆیم وەزیری ئاسایشی نیشتمانی لە مانگی 3 و پام بۆندی وەزیری داد لە ماوەی رابردوودا پۆستەکانیان جێهێشتبوو، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردووەتەوە کە ترەمپ بەهۆی ناڕەزایەتی لە لێکەوتە سیاسییەکانی جەنگ لەگەڵ ئێران، بەنیازی گۆڕانکاریی بەرفراوانترە لە کابینەی حکوومەتەکەیدا.