ئیسرائیلییەک بۆ 150 شیکڵ زانیارییە سەربازییەکانی براکەی رادەستی ئێران کردووە

کەناڵی 15ی ئیسرائیلی، بڵاویکردەوە، نیشتەجێیەکی ئیسرائیلی بڕی (150 شیکڵ) کە دەکاتە 50 دۆلاری وەرگرتووە، لەبەرانبەر پێدانی زانیاری هەواڵگری سەبارەت بە براکەی کە سەربازە لە سوپای ئیسرائیل.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵەکە، ئەو کەسە تەنیا بەوەوە نەوەستاوە، بەڵکو چەندین ئەرکی دیکەشی لەبەرانبەر بڕە پارەی زیاتر بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجامداوە.

پێشتر میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، دەسەڵاتدارانی تەلئەڤیڤ دوو کەسیان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ بەرژەوەندی ئێران دەستگیرکردووە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرچاوە میدیاییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، یەکێک لە دەستگیرکراوەکان پلانی هەبووە گەشت بکات بۆ وڵاتێکی عەرەبی بە مەبەستی وەرگرتنی مەشق و راهێنانی تایبەت، بەڵام تا ئێستا وردەکاری زیاتر لەسەر ناسنامەی ئەو کەسانە و ئەو لایەنانەی پەیوەندییان پێوە کردوون ئاشکرا نەکراوە.