رێککەوتن دەکرێت یان جەنگ هەڵدەگیرسێتەوە؟
رۆژێک پێش کۆتاییهاتنی وادەی ئاگربەستەکە، شاندەکانی ئەمریکا و ئێران لە پاکستان کۆدەبنەوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان و گەیشتن بە رێککەوتن.
تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن" بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی نیسانی 2026، شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەگاتە پاکستان بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران پێش تەواوبوونی وادەی ئاگربەستە دوو هەفتەییەکە.
بە گوێرەی سەرچاوەکان، هەریەک لە ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر لەگەڵ جێگری سەرۆک دەچنە پاکستان و ئیدارەی ئەمریکا دەیەوێت ئەگەر ئاسۆی رێککەوتن و لێکنزیکبوونەوە دەرکەوت، ئاگربەستەکە درێژ بکاتەوە بۆ پێدانی کات بە تاران تا دەگەنە رێککەوتنی کۆتایی.
لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لەسەر زاری دوو بەرپرسی باڵای ئێران ئاشکرای کرد، ئێران لە پلانیدایە ئەمڕۆ شاندەکەی بنێرێتە ئیسلام ئاباد بۆ بەشداریکردن لە گەڕی دووەمی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر ڤانس سەرۆکایەتیی شاندەکەی ئەمریکا بکات، ئەوا محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەچێتە ئیسلام ئاباد و سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی دەکات و دەبێتە هاوشێوەی گەڕی یەکەمی دانوستانەکان.
ئەمە لە کاتێکدایە گەڕی یەکەمی دانوستانەکانی نێوان هەردوو وڵات لە 11ـی ئەم مانگە لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوەچوو و بێ ئەنجام کۆتایی هات.
لە کۆتایی مانگی شوباتی ساڵی 2026، دوای ئەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان واشنتن و تاران شکستیان هێنا، جەنگێکی گەورە لە نێوان ئەمریکا و ئێران هەڵگیرسا.
دوای نزیکەی دوو مانگ لە ململانێ و بۆردومانی سەربازی، لە رۆژی 8ی نیسانی 2026، بە نێوەندگیریی وڵاتی پاکستان، هەردوو لا گەیشتنە رێککەوتنی ئاگربەستێک بۆ ماوەی 14 رۆژ.
لە ئێستادا و لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کۆتاییهاتنی ئاگربەستەکە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هۆشداری داوەتە تاران ئەگەر مەرجەکانیان بۆ دەستبەرداربوون لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و رێککەوتنێکی نوێ قبووڵ نەکەن، هێرشەکانیان دەست پێ دەکەنەوە و تەواوی ژێرخانی وزە و پردەکانی ئێران وێران دەکەن.
لە بەرانبەریشدا بەرپرسانی ئێران تا ئێستا ئامادەیی تەواویان بۆ قبووڵکردنی داواکارییەکان نیشان نەداوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێیەکی زۆر لای هاووڵاتییانی ئێران سەبارەت بە سەرهەڵدانەوەی جەنگێکی وێرانکەری دیکە لە ناوچەکەدا.