گەشبینی بۆ ئەنجامی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران نرخی نەوت دادەبەزێنێت

ئەمریکا گەشبینی خۆی بۆ سەرکەوتنی دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ ئێران نیشان دەدات و بەرپرسێکی باڵای تارانیش دەڵێت وڵاتەکەی بە ئەرێنی بیر لە بەشداریکردن لە گفتوگۆکانی ئیسلام ئاباد دەکاتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە تەنیا چەند کاتژمێرێکی کەم بۆ کۆتاییهاتنی وادەی ئاگربەست ماوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەوڵی رێککەوتنێک دەدات کە رێگری لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت و شۆکی بازاڕە داراییەکان بگرێت، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە نابێت ئێران هیچ دەرفەتێکی هەبێت بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی. لە بەرانبەردا، تاران دەیەوێت لەرێگەی فشارەکانی لە گەرووی هورمز، رێککەوتنێک بکات کە رێگری لە دەستپێکردنەوەی شەڕ بکات و سزاکانی سەری سووک بکرێن، بەبێ ئەوەی دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی بێت.

بەرپرسێکی ئێرانی بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، سەرەڕای ئەوەی پێشتر رەتیان کردبووەوە، بەڵام ئێستا بە "ئەرێنی" پێداچوونەوە بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکان دەکەن، هەرچەندە هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە. هاوکات سەرچاوەیەکی پاکستانی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەگەر هەیە رۆژی چوارشەممە دانوستانەکان دەست پێ بکەنەوە و ترەمپ خۆی یان لە رێگەی ڤیدیۆوە بەشداری بکات.

ئەم گەشبینییە کاریگەری خێرای لەسەر بازاڕەکان هەبوو؛ نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 0.6% دابەزی و گەیشتە 94.94 دۆلار، هەروەها نەوتی تێکساسیش بۆ 88.50 دۆلار دابەزی، دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە بەهۆی نادیاریی چارەنووسی دانوستانەکان نرخەکەیان بە رێژەی 6% بەرزبووەوە.

سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییەکان، گرژییەکان هێشتا بەردەوامن. وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی سێشەممە هێرشی ئەمریکای بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانی وڵاتەکەی سەرکۆنە کرد و واشنتنی بە بەرپرسیاری هەر پەرەسەندنێکی سەربازی ناو برد. لە بەرانبەردا ئەمریکا دەڵێت کەشتییەکە کەرەستەی سەربازی پێبووە و گەمارۆکانی شکاندووە.

دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی نوێدا رایگەیاند: "ئێرانییەکان دانوستان دەکەن و هیوادارم رێککەوتنێکی دادپەروەرانە بکەن، بەڵام هەرگیز نابێت چەکی ئەتۆمییان هەبێت." هاوکات پاکستان ئامادەکاری تەواوی کردووە و 20,000 کارمەندی ئەمنی بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسلام ئاباد بڵاوکردووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاندووە، بەهۆی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و شێوازی توندی ترەمپ لە دانوستان، ئەوان زۆر لە رێککەوتن نزیک بوونەتەوە، بەڵام هۆشداریشی دا کە ئەگەر رێکنەکەون، سەرۆک وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان چەندین بژاردەی دیکەی لەبەردەستە کە لە بەکارهێنانیان ناترسێت.

وادەی ئاگربەستەکە کە دوو هەفتەی خایاند، بڕیارە کاتژمێر 8:00ی شەوی چوارشەممە بە کاتی واشنتن (3:30ی بەرەبەیانی پێنجشەممە بە کاتی ئێران) کۆتایی بێت، ئەمەش فشارێکی زۆری خستووەتە سەر لایەنەکان بۆ گەیشتن بە ئەنجام پێش دەستپێکردنەوەی پێکدادانەکان.