شەرع بەشداریکردنی سەربازیی وڵاتەکەی لە لوبنان رەتدەکاتەوە
سەرۆککۆماری سووریا هەر جۆرە تێوەگلانێکی سەربازیی وڵاتەکەی لە لوبنان رەتدەکاتەوە و رایدەگەیەنێت: کارە لەپێشینەکانی ئەوان تەنیا راگرتنی شەڕ و زەمینەخۆشکردنە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان.
هەینی، 12ـی حوزەیرانی 2026، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا، لە میانی پێشوازیکردنی لە شاندێکی کەسایەتییە دیارەکان و پیاوماقوڵانی گوندەواری دیمەشق لە کۆشکی شەعب ئاماژەی بەوە کرد، کە کارە لە پێشینەکانی وڵاتەکەی پرسی دیاریکردنی سنوورەکان لەگەڵ لوبنان ناگرێتەوە؛ بەراورد بە دۆسیە زۆر گرنگ و بە پەلەکانی دیکە کە دیارترینیان کێشەی ئاوارە سوورییەکانە.
شەرع ئاماژەی بە بوونی نزیکەی 1.4 ملیۆن ئاوارەی سووری لە لوبنان کرد و رایگەیاند: کە ئێستا کار لەسەر داڕشتنی میکانیزمێک دەکرێت بۆ مسۆگەرکردنی گەڕانەوەی ئارام و رێکخراوەیی ئەوان بۆ وڵاتەکەیان؛ ئەمەش هاوتەریب لەگەڵ هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە و باشترکردنی کەرتی خزمەتگوزاری لە ناوخۆی سووریادا.
ئەم هەڵوێستە فەرمییەی دیمەشق دوای بڵاوبوونەوەی چەندین راپۆرتی میدیایی دێت کە باسیان لە بوونی گوشاری نێودەوڵەتی لەسەر سووریا دەکرد بۆ دەستوەردانی سەربازیی لە لوبنان بەهۆی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا.