10 کەسی دیکە لە گیراوانی لالەزار ئازاد دەکرێن
رێککاری ئازادکردنی 10 کەسی دیکە لە گیراوانی رووداوەکانی لالەزار کۆتایی هاتووە و ئەمڕۆ ئازاد دەکرێن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی نیسانی 2026، سەرچاوەیەک بە کوردستان24ـی راگەیاند، رێککارەکانی ئازادکردنی 10 کەسی دیکە لە گیراوانی لالەزار تەواو بووە و بڕیارە ئەمڕۆ زیندان جێبهێڵن.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، چەند رۆژێک لەمەوبەر یەکێک لە پاسەوانە تایبەتەکانی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل و 11 گیراوی دیکە ئازاد کران. ئێستاش جگە لە لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای، تەنیا 18 کەس لە گیراوانی لالەزار لە زیندان ماونەتەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە روو، ئەمڕۆ خێزانی لاهوور شێخ جەنگی لە زیندان سەردانی دەکەن و دوێنێش بە هەمان شێوە چوونەتە لای. روونیشی کردەوە، تاوەکوو ئێستا سەرۆکی بەرەی گەل و براکەی لە مانگرتن لە خواردن بەردەوامن.
شەوی 22ـی ئابی 2025، لە دەوروبەری لالەزار لە شاری سلێمانی پێکدادانێکی چەکداری لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و لایەنگرانی لاهوور شێخ جەنگی رووی دا.
لە ئەنجامی ئەو رووداوەدا، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیر کران.
دوای هەشت مانگ مانەوە لە زیندان، رۆژی یەکشەممە، 19ـی نیسانی 2026، لاهوور شێخ جەنگی لە رێگەی پەیامێکەوە رایگەیاند، وەک ناڕەزایەتییەک بەرانبەر بە رێکارە یاساییەکانی پەڕاوی لێکۆڵینەوەکەی و رێگریکردن لە گواستنەوەی بۆ دادگای پێداچوونەوەی هەولێر، لەگەڵ براکەی مانیان لە خواردن گرتووە.
لە ماوەی رابردووشدا چەندین جار بەشێک لە دەستگیرکراوەکانی ئەو رووداوە ئازاد کراون.