سی بی ئێس: بەپێچەوانەی قسەکانی ترەمپ؛ ئێران هێشتا توانایەکی سەربازیی گەورەی ماوە

سەرەڕای ئەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بانگەشەی سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە و پەکخستنی تواناکانی ئێران دەکات، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا و هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە تاران هێشتا بەشێکی زۆری هێزە سەربازییەکەی پاراستووە و مەترسییەکانی بۆ سەر ناوچەکە بەردەوامن.

چوارشەممە 22ـی نیسانی 2026، تۆڕی هەواڵی (CBS) لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە، ئێران هێشتا خاوەنی هێزێکی سەربازیی بەرچاوە و قەبارەی ئەو هێزەی ماویەتی زۆر زیاترە لەوەی ئیدارەی ترەمپ بە شێوەیەکی گشتی رایگەیاندووە.

بەپێی زانیارییەکانی CBS ، دۆخی سەربازیی ئێران نزیکەی 50%ی مووشەکە بالیستییەکان و سیستەمەکانی هاوێشتن هێشتا وەک خۆیان ماون و تێک نەشکاون؛ هەروەها نزیکەی 60%ی هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداران (بەتایبەت بەلەمە بچووکە هێرشبەرەکان) ماونەتەوە و بەردەوامن لە تێکدانی پرۆسەی گواستنەوەی دەریایی.

ئەو تۆڕە هەواڵییە باسی لەوەش کردووە، سەرەڕای هێرشە قورسەکان، نزیکەی دوو لەسەر سێی هێزی ئاسمانیی ئێران هێشتا کارایە و لە کار نەکەوتووە.

ئەم زانیارییانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و پیت هیگسێت، وەزیری جەنگ، جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئۆپراسیۆنەکە سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە بووە و ئێرانی پەکخستووە.

لە بەرانبەردا، هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکان هۆشداری دەدەن کە تاران هێشتا توانای تەواوی هەیە بۆ هەڵدانی مووشەک، درۆن و ئەنجامدانی هێرشی جۆراوجۆر، بەتایبەتی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە راپۆرتێکی نوێی کەناڵی CNN ئاشکرای کردبوو، کە سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەهۆی جەنگی ئەم دواییەی دژی ئێران، بڕێکی یەکجار زۆر و مەترسیدار لە کۆگاکانی مووشەکی ستراتیژیی خۆی بەکارهێناوە. ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی نیگەرانیی قووڵ لەبارەی ئامادەیی ئەمریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ململانێیەکی تری گەورە لە جیهاندا.