قەرارگەی خاتەمولئەنبیا هۆشداریی توند دەداتە ئیسرائیل

"ئیسرائیل بە پشتیوانیی ئەمریکا سەرجەم هێڵە سوورەکانی بەزاندووە"

قەرارگەی خاتەمولئەنبیا لە راگەیەنراوێکدا هۆشداریی دایە ئیسرائیل، کە ئەگەر هێرشەکانی بۆ سەر باشووری لوبنان و ناوچەی زاحیەی بەیرووت رانەگرێت، قووڵایی خاکەکەی لەگەڵ لایەنگران و پاڵپشتیکارانیدا رووبەڕووی هێرشی وێرانکەر و گورزی کەمەرشکێن دەبنەوە.

یەکشەممە، 7ـی حوزەیرانی 2026، فەرماندەیی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا لە راگەیەنراوێکدا، رایگەیاند: ئیسرائیل بە پێشێلکردنی بەردەوامی ئاگربەست و بە گڵۆپی سەوز و پاڵپشتیی ئەمریکا، لە ژێر بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، تاوانەکانی دژ بە گەلی مەزڵومی لوبنان رۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەکات.

هاوکات دەڵێت: "سەرەڕای هۆشدارییەکانی پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئیسرائیل بە تێپەڕبوون لە سەرجەم هێڵە سوورەکان و زیادکردنی هێرشەکانی لە باشووری لوبنان، ناوچەی زاحیەی بەیرووتی کردووەتە ئامانج."

فەرماندەیی قەرارگەکە رایگەیاندووە: "پێشتر هۆشداریمان دابوو کە لە ئەگەری بەرفراوانکردنی تاوانەکان لە زاحیەی بەیروت، ئامانجەکانمان لە ناوچە داگیرکراوەکاندا دەپێکین."

لە راگەیەنراوەکەی قەرارگەی خاتەمولئەنبیادا هاتووە: "پێویستە سوپای ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر باشووری لوبنان و زاحیە رابگرێت. لە ئەگەری بەرفراوانکردنی هێرشەکانی بۆ سەر ئەو ناوچانە، یان وەڵامدانەوەی کردەوەکانی ئێمە، ڕووبەڕووی گورزی کوشندەتر و پەشیمانکەرەوە دەبێتەوە و هێرشی وێرانکەر دژیان دەستپێدەکەین".

ئەمەش لە کاتێکدایە درەنگانی ئەمشەو، ئێران سێ شەپۆلی مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و بەو هۆیەوە لە بەشێک لە شارەکانی ئیسرائیل دەنگی تەقینەوەی گەورە بیستران.