کشتوکاڵی راپەڕین: بەهۆی تەرزەوە زیان بەر بەشێک لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان کەوتووە

تەرزە زیانی بەر کشتوکاڵ گەیاندووە(ئەرشیف)
تەرزە زیانی بەر کشتوکاڵ گەیاندووە(ئەرشیف)

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین ئاشکرای دەکات، تاوەکو ئێستا هیچ جوتیارێک قەبارەی زیانەکانی بەهۆی تەرزەوە تۆمار نەکردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی نیسانی 2026، خالید ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەهۆی باران و تەرزەی رۆژی دووشەممە، زیان بەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی بەشێک لە جوتیارانی سنوورەکە کەوتووە، بەڵام زیانەکان گەورە و زۆر نین.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، تا ئێستا هیچ جوتیارێک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵ قەبارەی زیانەکانی تۆمار نەکردووە، بۆیە زانیاریی ورد دەربارەی ژمارەی ئەو جوتیارانەی زیانیان پێگەیشتووە بەردەست نییە.

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی راپەڕین گوتیشی، "لە قۆناغی ئێستا گەنم لە گەشەکردندایە، بۆیە زیانەکان کەمتر دەبن بەراورد بەوەی گەنم لە قۆناغی گوڵکردندا بێت."

باسی لەوەش کرد، لە سنووری ئیدارەی راپەڕین نزیکەی نۆ هەزار جوتیار هەن و سنوورەکە بە بەرهەمەکانی وەک قەیسی، خۆخ و هەنار بەناوبانگە؛ هەروەها ئاژەڵداری و بەخێوکردنی پەلەوەر لە پێشینەی کارەکانیاندایە.

ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین تەنیا بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان ناسراو نییە، بەڵکو ژمارەیەکی زۆری هەنگەوانی هەیە و ساڵانە بەرهەمێکی زۆری هەنگوینی هەیە.