توێژینەوەیەک: خەونی پێش مردن نهێنیی کۆتایی نەخۆشەکان ئاشکرا دەکات
توێژینەوەیەکی نوێی زانایانی دەروونی دەریخستووە، ئەو نەخۆشانەی لە قۆناخی کۆتایی ژیاندان، زۆرجار خەونی زۆر روون و پڕ لە مانا دەبینن کە یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی ترسی مردن، ئەمەش لە کاتێکدایە پزیشکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زۆربەی ئەم خەونانە پەیامی دڵنەوایی و "ئامادەکاری بۆ گەشتکردن"یان تێدایە.
زانایانی دەروونی گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە ئەو نەخۆشانەی لە بەشەکانی چاودێریی چڕ و قۆناخی کۆتایی ژیاندان، زۆرجار خەونی زۆر روون دەبینن کە کەسوکارە کۆچکردووەکانیان و هێمای تایبەت بە گواستنەوە بۆ قۆناخێکی دیکەی تێدایە. پزیشک و پەرستاران دەڵێن ئەم خەونانە هەستی ئارامی بە نەخۆشەکان دەبەخشن.
ئێلیزا رابیتی، پسپۆڕی دەروونی لە ئیتاڵیا، سەرپەرشتیی تیمێکی کردووە کە رای 239 پسپۆڕی بواری چاودێریی تەندروستییان وەرگرتووە. ئەنجامی توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری (Death Studies) بڵاوکراوەتەوە، نیشانی دەدات کە باوترین جۆری ئەم خەونانە بینینی کەسوکارە کۆچکردووەکان یان ئەو ئاژەڵە ماڵییانەیە کە پێشتر مردوون؛ بۆ نموونە نەخۆشێکی ژن لە خەونیدا هاوسەرە کۆچکردووەکەی بینیوە و پێی وتووە: "من چاوەڕێت دەکەم."
بەگوێرەی توێژینەوەکە، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەم خەونانە هەستی دڵنیایی دەبەخشن، تەنیا 10%ی بەشداربووان هەستیان بە دڵتەنگی کردووە. لە یەکێک لە نموونە ناخۆشەکاندا، نەخۆشێک خەونی بە دێوێکەوە بینیوە کە دەموچاوی دایکی پێوە بووە و بەرەو خوارەوە رایکێشاوە.
کریستۆفەر کیێر، گەورە پزیشک لە ناوەندێکی چاودێری لە نیویۆرک، توێژینەوەی هاوشێوەی ئەنجامداوە و دەڵێت، بینینی کەسوکارە کۆچکردووەکان لەگەڵ نزیکبوونەوە لە مردن زیاتر دەبێت. کیێر دەڵێت: "ئەو کەسانەی لە خەونەکاندا دەردەکەون هەڕەمەکی نین، بەڵکو زۆرجار ئەو کەسانەن کە نەخۆشەکە خۆشی ویستوون و هەستی ئارامیان پێی بەخشیوە."
هەروەها باس لەوە کراوە کە خەونەکانی "ئامادەکاریی بۆ رۆیشتن" زۆر باون، کە تێیدا نەخۆشەکە وا هەست دەکات جانتاکانی کۆدەکاتەوە یان سواری پاسێک دەبێت. کیێر چیرۆکی ژنێکی 70 ساڵانی گێڕایەوە کە چوار کوڕی هەبووە، بەڵام لە خەونە کۆتاییەکانیدا یەکەم منداڵی بینیوەتەوە کە بە مردوویی لەدایکبوو، ئەم بینینەش ئارامییەکی زۆری پێ بەخشیوە.
ئەم پزیشکە کۆتایی ژیان بە "نوستنێکی پلەبەندی" ناو دەبات، کە تێیدا نەخۆشەکان دەچنە ناو خەون و دواتر خەبەریان دەبێتەوە، هەر بۆیە خەونەکانیان زۆر روون دەبن و وەک راستییەکی تەواو لایان دەردەکەوێت. کێر دەڵێت: "ئێمە لە مردن دەترسین چونکە غەریزەی مانەوەمان بەهێزە، بەڵام ئەم خەونانە ئەزموونی رۆژانی کۆتایی دەگۆڕن."