سێنتکۆم: 31 کەشتی ناچار بە گەڕانەوە کراون بۆ بەندەرەکانی ئێران
ئەمڕۆ فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا "سێنتکۆم" لە پلاتفۆڕمی ئێکس رایگەیاند؛ سەربازان، دەریاوانان، هێزەکانی مارێنز، فڕۆکەوانان، پاسەوانانی بۆشایی ئاسمان و پاسەوانانی کەناراوەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیر کراون.
سێنتکۆم راشیگەیاند؛ ئەم هێزانە وەک بەشێک لە بەهێزترین و کوشندەترین سوپای مێژووی جیهان هەژمار دەکرێن کە تا ئێستا ناسرابێت.
لەلایەکی دیکەوە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سەنتکۆم) ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، لە چوارچێوەی توندترکردنی گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، فەرمانیان بە 31 کەشتی داوە بگەڕێنەوە بۆ بەندەرەکانیان یان رێڕەوی گەشتیاری خۆیان بگۆڕن.
سەنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە، زۆربەی ئەو کەشتیانە پابەندی رێنمایییەکانی سوپای ئەمریکا بوون و جەختیشی کردەوە، زۆرینەی کەشتییە راگیراوەکان نەوتهەڵگر بوون.
هاوکات رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاویکردەوە، خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم گەمارۆ دەریایییەی ئەمریکا، رۆژانە زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار زیان بە ئابووریی ئێران دەگەیەنێت. ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی پلانێکی فراوانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدایە بە ناوی "تووڕەیی ئابووری" (Economic Rage)، ئامانج لێی پەکخستنی بەندەرەکان، دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە پەیوەندیدارەکان بە تاران و وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی ئەو وڵاتەیە.
سکۆت بێسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا، لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند: "هێزی دەریایی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران. لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆگاکانی دوورگەی 'خارگ' پڕ دەبن و بەو هۆیەوە بیرە نەوتەکانی ئێران دادەخرێن."
بێسێنت جەختیشی کردەوە، واشنتن بەردەوام دەبێت لە بەکارهێنانی "ئەوپەڕی فشار" بۆ تێکشکاندنی توانای تاران لە بەدەستهێنان و گواستنەوەی پارە، هەروەها هۆشداریی دا بە هەر کەس یان کەشتییەک کە هاوکاریی دارایی ئێران بکات، رووبەڕووی سزای توند دەبنەوە.
واشنتن و تاران لە 12ـی نیسان ئەو دانوستانانە نەگەیشتنە هیچ رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتەوە لە ژێر ناوی "داستانی تووڕەیی" (Epic Rage) دەستیان پێکردووە.
لای خۆشییەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رۆژی سێشەممە رایگەیاند، بڕیاردراوە بە درێژکردنەوەی ماوەی راگرتنی تەقەکردن لەگەڵ ئێران، تا ئەو کاتەی تاران پێشنیازێکی نوێ پێشکەش دەکات و گفتوگۆکان کۆتاییان دێت.