سەرۆکی شارەوانی هەولێر: سەدا 65ـی کارەکانی پارکی رەشکین تەواو بووە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی نیسانی 2026، شارەوانیی هەولێر نوێترین پێشهاتەکانی پڕۆژەی دروستکردنی "پارکی رەشکین" رادەگەیەنێت و ئاماژە بەوە دەدرێت، پڕۆژەکە بە گوژمەی 15 ملیار دینار لەسەر بودجەی تایبەتی سەرۆکوەزیران جێبەجێ دەکرێت.
کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند: "لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە زیادکردنی رێژەی سەوزایی، کارەکانی پارکی رەشکین بەردەوامن و تا ئێستا سەدا 65ـی کارەکانی تەواو بووە."
ئەم پڕۆژەیە لەسەر ئەرک و راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لەسەر بودجەی تایبەتی نووسینگەکەی جێبەجێ دەکرێت. پارکەکە لەسەر رووبەری نزیکەی 120 هەزار مەتر دووجا دروست دەکرێت و لەژێر چاودێری و سەرپەرشتیی راستەوخۆی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاردایە.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە ستراتیژییە، لێژنەیەکی تایبەت لەلایەن وەزیری شارەوانییەوە راسپێردراوە. پڕۆژەکە چەندین بەشی گرنگ لەخۆ دەگرێت، لەوانە:
پەرژینکردنی پڕۆژەکە بە درێژایی هەزار و 600 مەتر.
دروستکردنی گەراجی ئۆتۆمبێل و دوو کافتریای مۆدێرن.
دابینکردنی رێڕەوی تایبەت بە ڕاکردن و پاسکیلسواری.
لێدانی بیری ئاو بە قووڵی 500 مەتر و دروستکردنی دوو عەمباری ئاو.
جێبەجێکردنی سیستەمی کارەبا و رووناککەرەوەی پێشکەوتوو.
چاندنی هەزاران دار، دەیان هەزار گوڵ و فەرشی سەوزایی (چیمەن).
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە بە گوژمەی 6 ملیار و 600 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا تەواو بکرێت و بخرێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە.
کارزان هادی جەختی لەسەر بەڵێنەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کردەوە کە "دەستی ئاوەدانی حکوومەت دەگەیەنینە هەموو شوێنەکان." ئاماژەی بەوەش کرد، پاراستنی ژینگە و زیادکردنی رێژەی سەوزایی یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانی کابینەی نۆیەم بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروست بۆ هاووڵاتییان.