دیندار زێباری: کار بۆ ڕێکخستنەوەی کاری رۆژنامەنووسی و مۆدێرنکردنی ناسنامەکان دەکرێت
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەت لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ رێکخستنەوەی کاروباری سەندیکای رۆژنامەنووسان و جیاکردنەوەی رۆژنامەنووسانی پیشەگەر، ئەوەش لە رێگەی سیستەمێکی ئەلیکترۆنییەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی نیسانی 2026، دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرسی رێکخستنەوەی ئەندامانی سەندیکا و کاری رۆژنامەنووسی هاوکار بووە "بەردەوامین لەوەی کە راوێژ و گفتوگۆ هەبێت، خودی سەرۆکی حکوومەت لە دەستپێکی کابینەی نۆیەمدا، راستەوخۆ لەگەڵ رۆژنامەنووسان لە گفتوگۆیەکی بەردەوام و کراوەدا بووە."
گوتیشی، "لە م کابینەیەدا دەستمان کردووە بە پڕۆسەی نوێکردنەوەی ناسنامەی ئەندامانی سەندیکا بە سیستەمێکی ئەلیکترۆنی، ئەمەش بابەتێکی گرنگە بۆ ئەوەی رۆژنامەنووسی پیشەگەر و پابەند بە ئیتیکی رۆژنامەوانی جیا بکرێتەوە."
سەبارەت بە پێوەرەکانی دیاریکردنی کاری رۆژنامەنووسی، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان روونی کردەوە، کە حکوومەت بە تەنیا مەرجەکان دانانێت، بەڵکو مەیاری نێودەوڵەتی و رێنمایی نێودەوڵەتیی هەن کە دەبێت کاریان پێ بکرێت، نەک تەنیا لایەنێکی حکوومی یان خودی رۆژنامەنووسان پێوەرەکان دیاری بکەن.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، بەپێی ئەو داتایانەی لەبەردەستیاندایە، تاوەکو ئێستا ٣٤٠٠ ئەندامی کارا وەک رۆژنامەنووسی چالاک لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
باسی لەوەش کرد، رەنگە ئەم ژمارەیە گۆڕانکاری بەسەردا بێت (زیاد بکات یان کەم بکات)، بەڵام گرنگیی پڕۆسەکە لەوەدایە کە داتایەکی ورد و دروست بۆ ئەم بوارە دەستەبەر دەکرێت.