بەریتانیا و فەرەنسا رێککەوتنێکی نوێیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی واژۆ کرد

حکوومەتەکانی بەریتانیا و فەرەنسا رێککەوتنێکی نوێی سەربازی و ئەمنییان بە مەبەستی رێگریکردن لە لێشاوی کۆچبەران و سنووردارکردنی پەڕینەوە نایاساییەکان لە نۆکەندی ئینگلیزی واژۆ کرد.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی "فرانس پرێس" کە لە رۆژنامەی "لۆمۆند"ی فەرەنسی بڵاوکراوەتەوە، حکوومەتی بەریتانیا پابەند بووە بە دابینکردنی بودجەیەکی گەورە کە دەگاتە 766 ملیۆن یۆرۆ بۆ پشتگیریکردنی هەوڵەکانی فەرەنسا لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا، لەو بڕە پارەیە، 580 ملیۆن یۆرۆی گەرەنتی کراوە و 186 ملیۆن یۆرۆکەی تریش بەستراوەتەوە بە ئەنجام و کاریگەریی رێکارە ئەمنییەکان لە کەمکردنەوەی ژمارەی کۆچبەران.

زیادکردنی هێزە ئەمنییەکان و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی نیسانی 2026، وەزیرانی ناوخۆی هەردوو وڵات لە کاتی سەردانێکی مەیدانیدا بۆ کەناراوەکانی فەرەنسا، وردەکاریی زیاتری رێککەوتنەکە ئاشکرا بکەن، پلانەکە زیادکردنی ژمارەی هێزە ئەمنییەکان بۆ 1400 کارمەند تا ساڵی 2029 لەخۆ دەگرێت، جگە لە پێکهێنانی یەکەیەکی پۆلیسی تایبەت کە سوود لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و هێلیکۆپتەر دەبینن بۆ چاودێریکردنی سنوورە ئاوییەکان.

ئامارەکان و تێچووی دارایی ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە لە ساڵی 2025دا زیاتر لە 41 هەزار کۆچبەر بە نایاسایی گەیشتوونەتە بەریتانیا.

لەندەن بەو هیوایەیە ئەم رێککەوتنە باری دارایی سەر شانی حکوومەت سوک بکات، چونکە لە ئێستا رۆژانە ملیۆنان پاوەند لە خەرجیی هۆتێل و شوێنی نیشتەجێبوونی پەنابەران خەرج دەکرێت، ئەمەش فشارێکی زۆری خستووەتە سەر بودجەی گشتی و کەرتی خزمەتگوزارییەکان لە بەریتانیا.