ئەحمەد کانی: رەنگە هەڵبژاردنی پێشوەختە چارەسەر بێت
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، رەخنە لە سیاسەتی بەغدا بەرانبەر هەرێمی کوردستان دەگرێت و بە "نادەستووری و نادامەزراوەیی" ناوی دەبات. لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتیش، دەڵێت، هەڵبژاردنی پێشوەختە یەکێکە لە ئەگەرەکان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی نیسانی 2026، ئەحمەد کانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئەوەی لە بەغدا دەگوزەرێت نادەستوورییە و نادامەزراوەییە".
لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی حکوومەتی هەرێمیشەوە، ئەحمەد کانی رایگەیاند، "هۆکارەکە روونە بۆچی کابینەی نوێ پێک نەهاتووە". جەختیشی کردەوە، ئەگەر لایەنەکان نەگەنە ئەنجام، رەنگە هەڵبژاردنی پێشوەختە ببێتە چارەسەر.
دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای تێپەڕبوونی چەندین مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، بووەتە مایەی نیگەرانیی سیاسی و جەماوەری. هۆکاری سەرەکیی ئەم چەقبەستوویە دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر دابەشکردنی پۆستە سیادی و وەزارییەکان.