نووسەرێکی گەنجی شنگال، بەرهەمێکی نوێ بە ناوی "کەزی" چاپ دەکات
نووسەری گەنجی خەڵکی شنگال، مەروان داود، رایگەیاند، بەم زووانە نوێترین بەرهەمی خۆی بە ناوی "کەزی" بڵاو دەکاتەوە، کە لە 15 چیرۆک پێک دێت و باس لە کێشە کۆمەڵایەتی و ستەمی سەر مرۆڤەکان لە چەندین وڵات و شاری جیاوازدا دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی نیسانی 2026، مەروان داود، نووسەر و رۆژنامەوانی خەڵکی شنگال، بە کوردستان24ـی راگەیاند، کتێبە نوێیەکەی بە ناوی "کەزی" ئامادەیە بۆ چاپ و لەلایەن "ماڵی شنگال بۆ هونەر"ـەوە چاپ و بڵاو دەکرێتەوە.
مەروان داود ئاشکرای کرد، کتێبەکە لە 80 لاپەڕە پێک دێت و 15 چیرۆک لەخۆدەگرێت، کە رووداوەکانیان لە چەندین شار و وڵاتی وەک (شنگال، دهۆک، بەیروت، تاران، قاهیرە، دیمەشق، مووسڵ، بەغدا و ئەستەنبوڵ) روو دەدەن.
گوتیشی، "لەناو لاپەڕەکانی ئەم کتێبەدا، چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی خراونەتە روو، کە مرۆڤ رۆژانە رووبەڕوویان دەبێتەوە، هەروەها باس لەو زوڵم و ستەمە دەکات کە لە مرۆڤەکان دەکرێت."
سەبارەت بە هۆکاری ناونانی کتێبەکە بە "کەزی"، ئەو نووسەرە گەنجە گوتی، "کاتێک رووداوەکانی رۆژئاوای کوردستان روویان دا، من لە نووسینی ئەم بەرهەمە تەواو ببووم، بەڵام وەک هەستێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و بۆ پیشاندانی یەکڕیزیی کورد، چیرۆکێکی ترم دەربارەی کچێک بۆ کتێبەکە زیاد کرد و ناوی کتێبەکەشم گۆڕی بۆ 'کەزی'."
مەروان داود هیوای خواست، ئەم بەرهەمە بتوانێت کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەندتر بکات.
مەروان داود لە ساڵی 2002 لە شنگال لەدایک بووە، دەرچووی بەشی زمانی کوردییە لە زانکۆی دهۆک. پێشتر بەرهەمێکی دیکەی بە ناوی "ئاوازەکانی هێژیران" چاپ کردووە و ئێستا وەک رۆژنامەوان لە کەناڵی "سەما" کار دەکات.