زیاتر لە 85%ـی دانیشتووانی هەرێم کارەبایان بووەتە 24 کاتژمێری
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکی، تاوەکوو ئێستا نزیکەی 5.5 ملیۆن هاووڵاتی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە کارەبای 24 کاتژمێری سوودمەندبوونە.
وەزارەتی کارەبا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ـی نیسانی 2026، نوێترین ئاماری سوودمەندبووانی پرۆژەی رووناکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند، زیاتر لە 85%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کارەبایان بووەتە 24 کاتژمێری.
هەروەها ئاماژەی داوە، لە چوارچێوەی ئەم هەنگاوەدا، تەواوی شارەکانی زاخۆ، سۆران، راپەڕین، پیرمام، ئاکرێ، سێمێل و کۆیە لە رێگەی پرۆژەی رووناکییەوە کارەبای 24 کاتژمێریان بۆ دابین دەکرێت.
وەزارەتەکە جەخت دەکاتەوە، هەموو هاوبەشانی ماڵان کە دەبنە بەشێک لە پرۆژەی رووناکی لەو ناوچانە لە داشکاندن بە رێژەی 50%، 25% و 15% لەسەر پسوولەی کارەبا بۆ سێ مانگی یەکەم وەک بەشێک لە قۆناغی راگوزەری بۆ نرخە نوێیەکانی کارەبا سوودمەند دەبن.
دوایین ئاماری هاوبەشانی پرۆژەی رووناکی:
| شار | هاووڵاتی | هاوبەش |
| هەولێر | 1,935,000 | 504,000 |
| سلێمانی | 1,345,000 | 351,000 |
| دهۆک | 494,000 | 134,000 |
| هەڵەبجە | 135,000 | 38,000 |
| سۆران | 308,000 | 83,000 |
| زاخۆ (لەگەڵ باتیفا) | 300,000 | 83,000 |
| راپەڕین (لەگەڵ رانیە - چەمچەماڵ) | 391,000 | 109,000 |
| کۆیە | 135,300 | 39,000 |
| پیرمام | 77,900 | 22,000 |
| ئاکرێ | 143,500 | 41,000 |
| سیمێل | 225,500 | 66,000 |
| کۆی گشتی | 5,491,900 | 1,470,000 |
هەر بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی کارەبا، تاوەکوو ئێستا زیاتر لە پێنج هەزار و 900 مۆلیدەی ئەهلی لە گەڕەکەکان کوژێنراونەتەوە، کە دەکاتە نزیکەی 85%ـی کۆی گشتی مۆلیدەکانی کوردستان، هاوکات حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پلانی دایە تا کۆتایی ئەمساڵ زیاتر لە 7,000 مۆلیدە بکۆژێنێتەوە.
کۆی گشتی ئەو مۆلیدانەی بە گازوایل کاردەکەن و لە چوارچێوەی پرۆژەی رووناکی کۆژێنراوەنەتەوە:
| مۆلیدە کوژێنراوەکان | کەمکردنەوەی دەردانی دوانەئۆکسیدی کاربۆنی ساڵانە بە پێوانەی تۆن |
| 5917 | 1,127,430 |
لە تشرینی دووەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی رووناکی راگەیاند، بە مەبەستی گەیاندنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2026.
هەروەها لە مانگی ئایاریش، ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی پڕۆژەکەی دەرکرد.