وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رێکارە ژینگەییەکان توندتر دەکات

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ پاراستنی سروشت و ژینگەی هەرێم، گشتاندنێکی فەرمیی دەرکرد و تێیدا رێکارە یاسایی و سزاییەکانی بەرامبەر بە پیسکەرانی ژینگە توندتر کرد.

بە پێی نووسراوی فەرمی ژمارە (11255)ـی لە رێکەوتی 23ـی نیسانی 2026، کە بە واژۆی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ دەرچووە و گشتاندنی پێ کراوە، سەرجەم پارێزگاکان، ئیدارە سەربەخۆکان، بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس، بەرگریی شارستانی، پۆلیسی دارستان و ژینگە، پۆلیسی هاتوچۆ و گشت دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی سەر بە وەزارەتەکە راسپێردراون بە ئامانجی دروستکردنی هەماهەنگییەکی تەواو لەگەڵ دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان، بۆ گرتنەبەری رێکاری کرداری و سەپاندنی سزای دارایی بەسەر هەر کەس و لایەنێکدا کە هۆکار بێت بۆ پیسکردنی ژینگە.

لە گشتاندنەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، کە ئەم بڕیارە لەبەر رۆشنایی فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە بۆ گرنگیدانی زیاتر بە سروشت و جوانیی وڵات. هەروەها بڕیارەکە پاڵپشتە بە یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە (ژمارە 8ـی ساڵی 2008)، کە لە بڕگەی یەکەمی ماددەی سێیەمیدا جەخت دەکاتەوە: "هەموو مرۆڤێک مافی ئەوەی هەیە لە ژینگەیەکی هێمن و پاکدا بژی و ئەرکی هەموو کەسێکیشە کار لەپێناو پاراستنی ژینگە و پاکییەکەیدا بکات."

لە لایەکی دیکەوە، بڕیارەکە پشت بە یاسای وەزارەتی ناوخۆ (ژمارە 6ـی ساڵی 2009) دەبەستێت، کە جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتیی حکوومەت و پاراستنی سامانی گشتی و تایبەتی خستووەتە ئەستۆی وەزارەتەکە.

لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەدا، وەزارەتی ناوخۆ رێنمایی دامەزراوەکانی کردووە کە هۆشیاریی بدەنە هاووڵاتییان لە چەند خاڵێکی سەرەکیدا:

یەکەم: پێویستە هاووڵاتیان لە کاتی گەشت و سەیراندا سروشتی کوردستان وەک ماڵی خۆیان بپارێزن و پاشماوەکانیان لەگەڵ خۆیاندا ببەنەوە بۆ ئەو شوێنانەی دەستی شارەوانییان پێدەگات. بەپێچەوانەوە، هەر کەسێک پاشماوە بەجێبهێڵێت، بەپێی ماددەی 42 لە یاسای ژینگە، سزایەکی دارایی دەدرێت کە لە 100 هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە 10 ملیۆنییش زیاتر نەبێت.

دووەم: وەزارەت داوا لە هاووڵاتییان دەکات ببنە چاودێر بەسەر ژینگەوە. لە کاتی بینینی هەر سەرپێچییەک و پیسکردنێکی سروشت، ڤیدیۆی رووداوەکە تۆمار بکەن و بۆ پلاتفۆرمەکانی دەستەی ژینگە یان پۆلیس و وەزارەتی ناوخۆی بنێرن، تاوەکوو رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران بگیرێتەبەر.

سێیەم: هۆشداری دراوەتە سەرجەم خاوەن پڕۆژەکان کە پابەندی رێنمایی ژمارە (2)ـی ساڵی 2023ـی دەستەی ژینگە بن. بەپێچەوانەوە، دامەزراوەکانی ناوخۆ چاودێریی وردی کارەکانیان دەکەن و رووبەڕووی سزای یاسایی دەبنەوە.

چوارەم: ئەنجوومەن و لێژنەکانی پاراستنی ژینگە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەرپرسیاریەتیی راستەوخۆی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانەیان دەبێت.

لە کۆتایی گشتاندنەکەدا، وەزارەتی ناوخۆ پەیامێکی نیشتمانی و مرۆیی ئاراستەی هاووڵاتییان کردووە و رایدەگەیەنێت: "ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان سامانی گشتیی وڵات و هاووڵاتییانە، پاراستنی ئەرکێکی نیشتمانی، ئایینی و مرۆییە. هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە پیسی بکات و بێ لێپرسینەوەش دەرباز بێت."