ئیسرائیل هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی جەنگ دەکات
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشەی توند دەکات و دەڵێت "ئەگەر ئەمریکا رێگەمان بدات و گلۆپی سەوزمان بۆ داگیرسێنێت، ئامادەین جەنگ لە دژی ئێران دەست پێ بکەینەوە".
یسرائیل کاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ـی نیسانی 2026، هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی جەنگی دژ بە ئێران و لەناوبردنی بنەماڵەی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران و سەرکردەکانی ئەو وڵاتەی کردووە و بە ئەندازیاری پرۆژەی وێرانکردنی ئیسرائیل ناوی بردوون، لەگەڵ ئەمەشدا ئاماژەیداوە، بۆ دەسپێکردنەوەی جەنگ چاوەڕێی رازی بوونی ئەمریکا و داگیرساندنی گلۆپی سەوز لە واشنتنەوە دەکەن.
کاتس رایگەیاندووە "بۆ گەڕاندنەوەی ئێران بۆ چاخی تاریکی و بەردین، دەبێت دامەزراوە سەرەکییەکانی وزە و کارەبای ئێران وێران بکرێن".
هەروەها هەڕەشەی بە ئامانجگرتن و وێرانکردنی تەواوی ژێرخانە ئابووری و نیشتمانییەکانی ئێرانی کردووە.
ئاگربەستەکەی ئیسرائیل و حکوومەتی لوبنان
رۆژی هەینی، 20ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاگربەستێکی بۆ ماوەی 10 رۆژ لە نێوان ئیسرائیل و لوبناندا راگەیاند. ئامانج لەم هەنگاوەی ترەمپ وەستاندنی کاتیی گرژییەکان و رەخساندنی دەرفەتێک بوو بۆ دانوستانی دیپلۆماسی و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە لێقەوماوان.
راگەیاندنی ئەم ئاگربەستە، چەند رۆژێک دوای کۆبوونەوەی باڵیۆزانی لوبنان و ئیسرائیل دێت لە واشنتن؛ ئەوەش یەکەم کۆبوونەوەی راستەوخۆی نێوان هەردوو وڵات بوو لە دوای چەندین دەیە، چونکە لە رووی یاساییەوە لە ساڵی 1948ـەوە ئەو دوو وڵاتە لە باری جەنگدان.