ئەمساڵ 30 هەزار هاووڵاتی ئێرانی سەردانی سعودیە دەکەن
ئێران و سعوودیە لەسەر گەشتی ئێرانییەکان بۆ فەریزەی حەج رێککەوتن و 30 هەزار هاووڵاتی ئێرانی ئەمساڵ سەردانی سعودیە دەکەن.
ئەکبەر رەزایی، جێگری کاروباری حەج و عومرە لە ڕێکخراوی حەج و زیارەتی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، ئەمساڵ نزیکەی 30 هەزار هاووڵاتی ئێرانی بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج سەردانی سعوودیە دەکەن.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ناردنی حاجییان دوای وەرگرتنی ڕەزامەندییە فەرمییەکان لە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دێت و پرۆسەی دەرکردن و وەرگرتنی ڤیزای ئەلیکترۆنی لە چەند رۆژی داهاتوودا دەستپێدەکات.
رەزایی جەختیشکردەوە، ئامادەکارییەکانی وەرزی حەجی ئەمساڵ، جگە لە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و سەرجەم پێداویستی حاجییان، هاوکات دوای رێککەوتن و هەماهەنگی بووە لەگەڵ وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودیە.