بەرگریی شارستانیی سۆران: ئەمساڵ تەنیا دوو حاڵەتی هەڵدێران تۆمارکراون

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە کاتی چوونیان بۆ هێنانی گژ و گیا پابەندی رێنماییەکان بن و ئاگاداری سەلامەتی خۆیان بن.

رەوەند هاودیانی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران، ئەمڕۆ هەینی، 24ـی نیسانی 2026، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: چوونی هاووڵاتییان بۆ گژ و گیایە بەهارییەکان بەردەوامە، هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، بەڵام لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەمساڵ تەنیا دوو حاڵەتی هەڵدێران تۆمارکراون.

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران ئاماژەی بەوە دا، یەکێک لە حاڵەتەکان، لە سنووری خانەقا بانەسارد تۆمارکراوە لە 3ـی نیسانی ئەمساڵ، هەروەها حاڵەتێکی دیکە لە 15ـی نیسانی 2026، تۆمارکراوە کە هاووڵاتییەک لە سنووری شارەدێی بلێ لە شاخ هەڵدێرابوو، بەڵام دواتر رەوانەی نەخۆشخانە کرا.

رەوەند هاودیانی باسی لەوە کرد، ساڵانە بەردەوام لە وەرزی بەهاردا رێنمایی بەو هاووڵاتییانە دەدەن کە دەچنە ناوچە شاخاوییەکان بە مەبەستی هێنانی گژوگیا بەهارییەکان.

هاوکات لەلای خۆیەوە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە ئەو گژ و گیایەی دەکرێت، نابێت لە رەگەوە بکرێت، بەڵکو دەبێت بە چەقۆ بکرێت و هەر کەسێکیش پابەندی رێنماییەکان نەبێت بەگوێرەی یاسا سزادەدرێت.