وەزیری جەنگی ئەمریکا بۆ کوردستان24: لە نزیکەوە چاودێریی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەکەین
وەزیری جەنگی ئەمریکا، ڕایگەیاند هێزە دەریاییەکانی وڵاتەکەی فەرمانی پێگەیشتووە بۆ تێکشکاندن و نقومکردنی هەر بەلەمێکی ئێرانی کە هەوڵی مینڕێژکردنی گەرووی هورمز بدات؛ گوتیشی: هێشتا دەرفەت لەبەردەم ئێرانە بۆ ئەوەی بە ژیرانە بریار بدات.
هەینی 24ـی نیسانی 2026، پیت هیگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وەڵامی پرسیارێکی بەڕێوەبەری نووسینگەی کوردستان24 لە واشنتن دایەوە و گوتی: "ئێمە لە نزیکەوە چاودێریی ئەو هێرشانە دەکەین؛ کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان. جەختیشی کردەوە کە ئامانجی لە پێشینەی ئیدارەی ترەمپ ئەوەیە کە دڵنیابێت لەوەی تاران هەرگیز دەستی بە چەکی ئەتۆمی نەگات.
هەروەها وەزیری جەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند، کە "ئۆپراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسا" (Operation Epic Fury) توانیویەتی لە ماوەی چەند هەفتەیەکی کەمدا ئەنجامێکی سەربازیی یەکلاکەرەوە بەدەست بهێنێت، بە پێچەوانەی جەنگە درێژخایەنەکانی ڕابردووی وەک ڤێتنام و ئەفغانستان؛ جەختی کردەوە کە "هێزی دەریایی ڕاستەقینەی ئێران ئێستا لە قووڵایی ئاوەکانی کەنداو دایە" و ئەوەی ماوەتەوە تەنیا چەند بەلەمێکی خێرایە کە وەک "چەتەی دەریایی" ڕەفتار دەکەن.
هیگسێت ئاشکرای کرد، یاساکانی ڕووبەڕووبوونەوە گۆڕدراون و گوتی: "ترەمپ دەسەڵاتی تەواوی داوەتە هێزی دەریایی ئەمریکا بۆ لەناوبردنی هەر بەلەمێکی خێرای ئێرانی کە بییەوێت مین لە ئاودا بچێنێت یان ڕێگری لە کەشتییەکان بکات. فەرماندەکانمان فەرمانی 'تەقەکردن بۆ کوشتن'یان هەیە و هیچ دوودڵ نابین."
سەبارەت بە گەمارۆ دەریاییەکان، وەزیری بەرگری ئاماژەی بەوە کرد کە گەمارۆکە ڕەهەندێکی جیهانی گرتووەتەوە و تەنانەت لە ناوچەی ئیندۆ-پاسفیکیش دەستیان بەسەر دوو کەشتیی "فلیتی تاریک"ی ئێراندا گرتووە. تا ئێستا 34 کەشتیی ئێرانی یان ئەو کەشتییانەی بەرەو ئێران دەچوون، لە لایەن ئەمریکاوە گەڕێندراونەتەوە؛ گوتیشی: گەمارۆییەکان بەردەوام و توندتر دەبن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، هیگسێت ڕەخنەی توندی لە وڵاتانی ئەوروپا گرت و ڕایگەیاند، ئەمریکا چیتر ئامادە نییە بە تەنیا باجی پاراستنی ئاسایشی دەریایی بدات. ئەو گوتی: "ئێمە پێویستمان بە گەرووی هورمز نییە بۆ دابینکردنی وزە، بەڵکوو ئەوروپا و ئاسیا پێویستیانە. کاتی گەشتی بێبەرامبەر (Free Riding) کۆتایی هات؛ ئەوروپا دەبێت لە جیاتی کۆنگرەی بریقەدار، کەشتیی جەنگی بنێرێت و بەشداریی بکات، چونکە ئەمە جەنگی ئەوانیشە."
وەزیری جەنگی جەختی کردەوە کە ئامانجی سەرەکی ئەوەیە ئێران هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و گوتی: "سوپای ئەمریکا ئامادە و پڕچەککراوە بۆ هەر هەنگاوێکی داهاتوو، ئێستاش تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێراندایە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێکی جددی بکات یان چاوەڕێی داڕمانی تەواوەتی ئابوورییەکەی بێت."
هیگسێت گوتیشی: کات لە بەرژەوەندیی ئێراندا نییە، بەڵام هێشتا دەرفەت لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی بە ژیرانە بڕیار بدات، جەختی کردەوە، ئەمریکا چاوەڕێی ئەوەیە ئێران لەسەر مێزی دانوستان بڕیارێکی عاقڵانە بدات.