سوپای پاسداران دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی ئەمریکای راگەیاند

وێنە ئەرشیف بەلەمێکی سوپای پاسداران
وێنە ئەرشیف بەلەمێکی سوپای پاسداران

سوپای پاسدارانی ئێران بە فەرمی رایگەیاند؛ دەستیان بەسەر کەشتییەکی بارهەڵگردا گرتووە بەناوی (ئێپامینۆنداس - Epameinondas). سوپای پاسداران هۆکاری ئەم هەنگاوەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە کەشتییەکە "هاوکاریی سوپای ئەمریکا" بووە، ئاگادارییەکانی پشتگوێ خستووە و چەندین پێشێلکاری دەریایی دووبارە کردووەتەوە.

لە راگەیەندراوەکەی سوپای پاسداران ئاماژە بەوە کراوە، گومانیان لەو کەشتییە هەبووە و لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا چەندین گەشتی بۆ بەندەرە جیاوازەکانی ئەمریکا ئەنجامداوە. تا ئێستا لایەنی ئەمریکی هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمی بۆ پشتڕاستکردنەوە یان رەتکردنەوەی ئەم هەواڵە بڵاونەکردووەتەوە.

ئەم پێشهاتە تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە دێت، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بڕیاری دا رێڕەوی 34 کەشتی بگۆڕێت، وەک بەشێک لە رێکارەکانی سەپاندنی گەمارۆ بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا.

گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن دوای ئەوە زیاتر بوون گەڕی دانوستانەکانی نێوانیان لە 12ـی نیسانی ئەم مانگە لە پاکستان بەبێ ئەنجام کۆتایی هات. ئامانجی ئەو دانوستانانە گەیشتن بوو بە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕەی کە ئەمریکا بە بەشداری ئیسرائیل لە 28ـی شوباتی رابردووەوە لەژێر ناوی "داستان‌ی توڕەیی" (Epic Fury) دەستی پێکردووە.

سێشەممەی رابردوو، 21ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ بڕیاری درێژکردنەوەی ئاگربەستی دا لە 8ـی نیسانەوە دەستیپێکردبوو، بە مەبەستی رەخساندنی دەرفەت بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، بەڵام هۆشداریی دایە ئێران و رایگەیاند؛ ئەمە "دوایین دەرفەتە" بۆ ئەوەی تاران وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی داواکارییەکانی ئەمریکا بداتەوە.

لە کاتێکدا بڕیار بوو ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان میوانداری گەڕێکی نوێی دانوستانەکان بکات، بەڵام بەهۆی پەرەسەندنی گرژییە مەیدانییەکان، هەوڵەکان شکستیان هێنا. ئێران واشنتن تۆمەتبار دەکات بە پێشێلکردنی ئاگربەست لە رێگەی بەردەوامبوونی گەمارۆکان، لە بەرامبەردا ئەمریکا جەخت دەکاتەوە تا رێککەوتنی کۆتایی واژۆ نەکرێت، گەمارۆکان هەڵناگیرێن.