ئیدارەی ترەمپ هەڵمەتێکی فراوان بۆ لێسەندنەوەی رەگەزنامە لە سەدان هاووڵاتی دەستپێکرد

وێنە؛ ئەرشیف
وێنە؛ ئەرشیف

تۆڕی میدیایی "ئێن بی سی نیوز" ئاشکرای دەکات، وەزارەتی دادی ئەمریکا بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی مافی هاووڵاتیبوون، لە 300 کەسی خستووەتە ژێر چاودێرییەوە کە لە دەرەوەی ئەمریکا لەدایکبوون.

ئەمڕۆ شەممە، میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، وەزارەتی دادی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی فراواندا بۆ فراوانکردنی رێکارەکانی "هەڵوەشاندنەوەی رەگەزنامە"، کار لەسەر لێسەندنەوەی ناسنامەی ئەمریکی لە  300 کەس دەکات.

تۆڕی "ئێن بی سی نیوز" لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی دادەوە گواستوویەتییەوە، داواکارە گشتییە فیدراڵییەکان لە نووسینگە جیاوازەکانی وڵاتدا دەستیان بە جێبەجێکردنی ئەم هەوڵە کردووە. هاوکات فەرمانگەی خزمەتگوزارییەکانی کۆچ و هاووڵاتیبوون (USCIS) پسپۆڕی تایبەتی بۆ نووسینگەکان ناردووە بۆ دۆزینەوەی ئەو حاڵەتانەی گومانیان لێدەکرێت لە کاتی وەرگرتنی رەگەزنامەدا فێڵیان کردبێت، بەو ئامانجەی مانگانە 100 بۆ 200 کەیس رەوانەی وەزارەت بکەن.

گوتەبێژێکی وەزارەتی داد رایگەیاندووە؛ تیشک دەخەنە سەر ئاشکراکردنی ئەو "بیانییە تاوانبارانەی لە رێکارەکانی بەدەستهێنانی رەگەزنامەدا فێڵیان کردووە". ئاماژەی بەوەش کردووە، بە سەرپەرشتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و تۆد بلانش، وەزیری داد بەوەکالەت، هەوڵدەدەن گەورەترین ژمارەی لێسەندنەوەی رەگەزنامە لە مێژووی ئەمریکادا تۆمار بکەن.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، لێسەندنەوەی رەگەزنامە (Denaturalization) بەزۆری لە حاڵەتە دەگمەنەکاندا دەکرێت، ئەویش کاتێک کەسەکە تۆماری تاوانکاری یان پێشێلکاری مافی مرۆڤی لە کاتی پێشکەشکردنی داواکارییەکەیدا شاردبێتەوە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپدا، ئیدارەکەی 102کەیسی لەو شێوەیەی بەرزکردەوە، ئەمە لەکاتێکدایە ساڵانە نزیکەی 800 هەزار کەس لە ئەمریکا رەگەزنامە بەدەستدەهێنن.

ئەم هەنگاوانە هاوکاتن لەگەڵ سیاسەتە توندەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ سنووردارکردنی کۆچبەران و دیپۆرتکردنەوەیان. ترەمپ پێشتر رایگەیاندبوو؛ ویلایەتە یەکگرتووەکان "ئامادە نییە تێچووی میوانداریکردنی دەیان ملیۆن کەس لە ئەستۆ بگرێت کە لە رێگەی لەدایکبوونەوە بوونەتە هاووڵاتی ئەمریکی".