تێچووی جەنگی ئەمریکا دژی ئێران 61 ملیار دۆلاری تێپەڕاند
بەگوێرەی داتاکانی ماڵپەڕی "تێچووی جەنگی ئێران"ی ئەمریکی، تا 55ـەمین رۆژی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، قەبارەی خەرجییەکانی ئەمریکا بۆ جەنگی دژی ئێران 61 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە. ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوە کردووە لە هەر چرکەیەکدا زیاتر لە 11 هەزار و 500 دۆلار لە خەزێنەی ئەمریکا خەرج دەکرێت.
ماڵپەڕەکە بە شێوەیەکی کاتی داتاکانی نوێ دەکاتەوە و روونی کردووەتەوە، ئەژمارکردنی تێچووەکان خەرجی کارمەندان، کەشتییە جەنگییە جێگیرکراوەکان لە ناوچەکە و سەرجەم خەرجییەکانی پەیوەست بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەگرێتەوە. ئەم میتۆدی هەژمارکردنە پشت بە راپۆرتێکی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) دەبەستێت کە پێشکەشی کۆنگرێس کراوە، تێیدا هاتووە تێچووی شەش رۆژی یەکەم 11.3 ملیار دۆلار بووە، دواتر تێچووەکە بۆ نزیکەی یەک ملیار دۆلار لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دارایی ئیسرائیل خەمڵاندنێکی سەرەتایی بۆ تێچووی ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێر" دژی ئێران بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ جەنگەکە نزیکەی 35 ملیار شیکڵ (11.5 ملیار دۆلار) تێچووی حکوومی راستەوخۆی هەبووە، ئەم بڕە پارەیەش خراوەتە ناو بودجەی ساڵی 2026ـی دەوڵەتەوە.
سەرباری ئەم تێچووە بەرزانە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەشبینی خۆی بۆ رەوتی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران دەربڕی و رایگەیاند؛ تاران پێشنیازێک ئامادە دەکات، ئامانج لێی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی واشنتنە. ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، هەر رێککەوتنێکی داهاتوو دەبێت وازهێنانی ئێران لە یۆرانیۆمی پیتێنراو و دەستەبەرکردنی ئازادی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز لەخۆ بگرێت.
تا ئێستا لایەنی ئێرانی بە فەرمی رەزامەندی لەسەر ئەم مەرجانە دەرنەبڕیوە، هەروەها بەردەوامی دانوستانەکانی لەگەڵ نوێنەرانی ئەمریکا لە ئیسلام ئاباد پشتڕاست نەکردووەتەوە، دوای ئەوەی خولی یەکەمی دانوستانەکان لە 11ـی نیسان لە پایتەختی پاکستان بەڕێوەچوو و دواتر راگیرا.