فەرمانگەی میدیا و زانیاری: 809 هێرشی درۆنی و مووشەکی کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماری زیانە گیانی و ماددییەکانی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی بڵاوکردەوە، لە 50 رۆژدا 809 هێرشکراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، زۆرینەی هێرشەکان بۆ سەر هەولێر پایتەخت بوونە.

بە گوێرە ئامارەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی بڵاویکردووەتەوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرانبەر بە ئێران، کە لە 28ی شوباتی ئەمساڵەوە دەستیپێکرد، چەندین جار بە درۆن و مووشەک، بە بیانووی جیاواز و بێ بنەما هێرشی سەر هەرێمی کوردستان کراوە و لە هێرشەکاندا شوێنی مەدەنی، سەر و ماڵی هاووڵاتییان و کەرتی تایبەت کراونەتە ئامانج.

بە پێی تۆمارەکان، هەرێمی کوردستان لە ریزبەندی یەکەمی ئەو وڵاتانە دێت کە بەشداری جەنگەکە نین و زۆرترین زیانی گیانی و ماڵیان پێگەیشتووە، سەرەڕای بێلایەنی هەرێمی کوردستان لە جەنگەکەدا؛ 20 شەهید و 123 بریندار هەبووە، بە سەدان هاووڵاتیش زیانی ماددی بەر ماڵ و شوێنی کار و ئۆتۆمبێلەکانیان کەوتووە.

لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە، بە بەردەوامی وڵاتانی دونیا هێرشەکانی شەرمەزار کردووە و چەندین جار داوا لە بەغدا کراوە، بکەرانی هێرشە تیرۆریستییەکان سزا بدات و کۆتایی بەو هێرشە ناڕەوایانە بهێنرێت و سەروەری هەرێمی کوردستان و عێراق بپارێزرێت.

 

ئاماری هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان لە 28ی شوبات تا 20ی نیسانی 2026

پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان هێرشەکان هێرشی درۆن هێرشی مووشەکی شەهید بریندار
پارێزگای هەولێر 477 419 58 10 83
پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 235 194 41 3 6
پارێزگای دهۆک 29 29      
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 68 59 9 7 34
کۆی گشتی 809 701 108 20 123

زیانلێکەوتووانی مەدەنی

هەر بە گوێرەی ئەو ئامارانەی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، زۆرینەی زیانلێکەوتووانی مەدەنی لە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان دەکەوێتە سنووری پارێزگای هەولێر، بەمشێوەیە بووە:

- پارێزگای هەولێر 726 هاووڵاتی زیان بە ماڵ و خانوو، ئۆتۆمبێل و شوێنی کارەکانیان کەوتووە.

- پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، لە 24 هێرشدا بۆ سەر شوێنی سڤیل دەیان هاووڵاتی زەرەرمەند بوون.

- پارێزگای دهۆک، زیاتر لە 13 جار هێرشکراوەتە سەر کۆمپانیای کەرتی تایبەت و زیان بە ماڵی هاووڵاتیان گەیشتووە.

- ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، 35 هاووڵاتی بە هۆی هێرشەکانەوە زیان بە ماڵ و خانوو، ئۆتۆمبێل و شوێنی کارەکانیان کەوتووە.

لە 18ی ئەم مانگە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا هەڵوێستی فەرمی لە بارەی هێرشەکانەوە راگەیاند و جەختیکردەوە "بە توندترین شێوە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەین کە هەرچەندە ئێمە بەشێکیش نەبووین لەو شەڕە، کەچی هێرشەکان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووشدا هەر بەردەوام بوون".

هەر لە راگەیەندراوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەیداوە "سەرەڕای ئاگربەست و دانوستانەکان، کەچی بەهۆی هێرشەکانی ئەم چەند ڕۆژانە، پێنج کەس شەهیدبوون و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون، ئەمەش هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئاگربەست و زیان گەیاندنی زیاتر بە ناوچەکەمان".

هەروەها دووپاتیکردووەتەوە "پێویستە حکوومەتی فیدراڵ رێوشوێنی کردەیی بگرێتەبەر بۆ کۆتاییهێنان بەم هێرشانە و داوا لە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان دەکەین کە کەرەستەی پێویست بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی کوردستان و ژێرخانی وزە ، لەم هەڕەشە بەردەوامانە دابین بکەن".