سەرۆکی شارەوانی هەولێر: 39 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراون

سەرۆکی شارەوانی هەولێر: رێکارەکانی تاپۆکردن زەوی فەرمانبەران دەستیپێکردووە

وێنە؛ ئەرشیف
وێنە؛ ئەرشیف

ئەمڕۆ شەممە، 25ـی نیسانی 2026، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند؛  لە چوارچێوەی پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، تا ئێستا نزیکەی 39 هەزار پارچە زەوی لە کۆی 128 هەزار پارچە زەوی دیاریکراو دابەشکراون و تیمەکانیان بۆ تەواوکردنی قۆناخەکانی دیکەش بەردەوامن.

سەرۆکی شارەوانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو فەرمانبەرانەی زەوییەکانیان دەکەوێتە سنووری شارەوانی هەولێر، دەتوانن سەردانیان بکەن بۆ ئەوەی وێنەی تۆماری زەوییەکان (تاپۆ) بەناوی خۆیان بکەن، دوای ئەوەی کێشە یاساییەکانی پێوەست بە زەوییە بولگارییەکان چارەسەر کراون.

سەبارەت بە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو زەوییانە، کارزان هادی رایگەیاند؛ شوێنی زەوییەکان لەسەر ماستەرپلانی هەولێر دیاریکراوە و دەکەونە سەر رێگەی (هەولێر - دهۆک) لە ناوچەی 'چاوەی ئاو'. جەختیشی کردەوە، بەگوێرەی بودجە و توانا داراییەکان، لە پلاندایە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ ئەو ناوچانە دابین بکرێت.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکرد و تاکو ئێستا بەردەوامە و دەیان هەزار پارچە زەوی دابەش کراون، لە بەشێک لە ناوچەکانیش ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە، لە سنووری پارێزگای هەولێر 39 پارچە زەوی بە چەند قۆناخێک دابەشکراوە، لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە دوو قۆناخ 20,000 پارچە زەوی دابەش کراون و ئامادەکاری بۆ قۆناخی سێیەمی پڕۆسەکە دەکرێت. لە پارێزگای دهۆک تاکو ئێستا شەش هەزار پارچە زەوی دابەش کراون و پڕۆسەکەش بەردەوامە و پێنج هەزار پارچە زەوی دیکە دەست بە دابەشکردنیان دەکرێت.

هەروەها لە پارێزگای هەڵەبجە، تاکو ئێستا پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی لە هەڵەبجە دەستی پێ نەکردووە، بەڵام ئامادەکاری کراوە بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا زەوی بەسەر 558 مامۆستا و فەرمانبەردا دابەش بکرێت، لە زاخۆ لە قۆناخی یەکەمدا 4,747 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش کراوە. بۆ قۆناخی دووەمی پڕۆسەکە ناوی نزیکەی 13,000 کەسی دیکە گەڕاوەتەوە کە شایستەی وەرگرتنی زەوین، بەڵام تاکو ئێستا رێکارەکانی دابەشکردنی ئەو قۆناخە بە فەرمی دەستی پێنەکردووە. لە گەرمیان، کۆی پڕۆسەکە 25,920 پارچە زەوییە؛ تاوەکو ئێستا پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی دەستی پێ نەکردووە، بەڵام ئامادەکاری دەکرێت و پڕۆسەی گۆڕینی زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ نیشتەجێبوون و نەخشەسازی بۆیان دەستی پێکردووە و کار بۆ قەرەبووکردنەوەی جووتیاران دەکرێت. هەروەها لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، قۆناخی یەکەمی دابەشکردنی زەوی لە شارۆچکەی رواندز دەستی پێکرد و 500 پارچە زەوی دابەش کرا، ئامادەکاریش بۆ قۆناخی دووەمی پڕۆسەکە دەکرێت.