ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی خێرا لە ئەمریکا دەکات
هێزە چەکدارەکانی ئێران هۆشدارییەکی توند دەدەنە سوپای ئەمریکا و جەخت لە کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی گەرووی هورمز و بەرزبوونەوەی ئامادەیی سەربازیی وڵاتەکەیان دەکەنەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 25ـی نیسانی 2026، بارەگای خاتەمولئەنبیای سەر بە هێزە چەکدارەکانی ئێران لە راگەیەنراوێکدا هۆشداریی دایە ئەمریکا و رایگەیاند، ئەگەر سوپای ئەو وڵاتە بەردەوام بێت لەسەر سیاسەتی گەمارۆدان و چەتەیی دەریایی، ئەوا بە دڵنیاییەوە رووبەڕووی وەڵامێکی زۆر تونديان دەبنەوە.
بارەگای خاتەمولئەنبیا ئاماژەی بەوە دا، هێزەکانیان لە ئێستادا لە چاو رابردوودا خاوەنی توانایەکی زۆر زیاترن و ئامادەیی تەواویان هەیە بۆ بەرگریکردن لە خاکی وڵاتەکەیان و پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانیان لە ناوچەکەدا.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ئەوەشی خستە روو، هێزە دەریاییەکانیان بەردەوام چاودێریی جووڵەکانی دوژمن دەکەن و سەرجەم پێشهاتەکان دەخەنە ژێر چاودێرییەوە.
روونیشی کردەوە، پرۆسەی بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز بە تەواوی لەژێر دەسەڵاتی ئێراندایە و رێگە بە دروستبوونی هیچ مەترسییەک نادەن.
گەرووی هورمز بە یەکێک لە گرنگترین دەروازە ئاوییەکانی جیهان دادەنرێت بۆ گواستنەوەی وزە و نەوت.
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی 2026 دەستی پێکرد و زیانێکی زۆری لێکەوتەوە.
یەکێک لە کاردانەوەکانی تاران بەرانبەر هێرشەکان، داخستنی گەرووی هورمز بوو بە رووی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکاندا، بەڵام ئەمریکا بە خێرایی گەمارۆی خستە سەر گەرووەکە. دواتر بە نێوەندگیریی راستەوخۆی پاکستان، ئاگربەستێک بۆ ماوەی دوو هەفتە لە نێوان ئەمریکا و ئێران راگەیەنرا بە مەبەستی رەخساندنی دەرفەت بۆ گفتوگۆی دیپلۆماسی و گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی.
سەرەڕای ئاگربەستەکە، گرژییەکان لە دەریادا بەردەوامن و مەترسیی هەڵوەشانەوەی ئاگربەستەکەیان دروست کردووە. لە ئێستاشدا پاکستان رۆڵێکی سەنتەری دەگێڕێت لە کۆکردنەوەی لایەنەکان، بۆ ئەو مەبەستەش رێوشوێنی ئەمنیی بێپێشینەی لە پایتەختەکەی گرتووەتەبەر بۆ میوانداریکردنی شاندە باڵاکانی ئەمریکا و ئێران بە ئامانجی کۆتاییهێنان بەو ململانێیە.