پزیشکیان: ئەمریکا و ئیسرائیل ژێرخانی وزەی ئێرانیان وێران کردووە
سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زیانی گەورەیان بە ژێرخانی وزەی وڵاتەکەی گەیاندووە. پزیشکیان داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کرد بە توندی بەکارهێنانی وزە و کارەبا کۆنترۆڵ بکەن بۆ ئەوەی رێگری بکەن لەو "ناڕەزایەتییە جەماوەرییەی" کە بە گوتەی ئەو، دوژمنانی ئێران لە رێگەی گەمارۆ و هێرشەکانەوە چاوەڕێی دەکەن.
شەممە 25ـی نیسانی 2026، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی لە دۆخێکی هەستیاری ئابووری و خزمەتگوزاریدایە و رایگەیاند: " ئەمریکا و ئیسرائیل ژێرخانەکانی ئێمەیان پەکخستووە و لە ژێر گەمارۆیەکی توندی دەریاییدا دەمانهێڵنەوە، تاوەکوو ئەو رەزامەندییەی ئێستا هەیە ببێت بە ناڕەزایی خەڵک."
سەرۆککۆماری ئێران داوایەکی ئاراستەی خەڵکی وڵاتەکەی کرد بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر تۆڕی کارەبا و گوتی: "پێویستمان بەوەیە خەڵک رێگە نەدەن ئەو کێشانە دروست بێت کە دوژمنان دەیانەوێت. داواتان لێ دەکەم بەکارهێنانی کارەبا کۆنترۆڵ بکەن؛ بۆ نموونە لە جیاتی ئەوەی دە گڵۆپ لە ماڵەکانتاندا دابگیرسێنن، تەنیا دوو گڵۆپ بەکاربهێنن."
لە بەشێکی دیکە قسەکانیدا، پزیشکیان ئاشکرای کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی دۆخی نالەباری وڵات، بڕیاری داوە دەسەڵاتە کارگێڕییەکان دابەش بکات و گوتی: "ئێمە دەسەڵاتەکانمان رادەستی پارێزگارەکان کردووە. ئێستا پارێزگارەکان لە رووی بەڕێوەبردنەوە بە قەد من دەسەڵاتیان هەیە و ئەمەمان بە نووسراوی فەرمی پێ راگەیاندوون. سەرکەوتنیان لەمەدا دەگەڕێتەوە بۆ توانا و داهێنانی خۆیان لە بەکارهێنانی ئەو دەسەڵاتەدا."
ئەم لێدوانانەی پزیشکیان دوای ئەوە دێن کە بەهۆی پێکدادانە سەربازییەکان و گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران، تاران رووبەڕووی قەیرانێکی قورسی سووتەمەنی و کارەبا بووەتەوە، کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان دروست کردووە.