چین دژایەتی توندی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا دەکات
وەزارەتی بازرگانیی چین دژایەتی توندی خۆی بۆ بڕیارەکەی یەکێتی ئەوروپا دەربڕی سەبارەت بە خستنەناوی چەند کۆمپانیایەکی چینی بۆ نێو لیستی سزاکانی سەر رووسیا. چین داوای لابردنی دەستبەجێی ناوی ئەو کۆمپانیایانە دەکات و هۆشداری دەدات کە ئەوروپا بەرپرسیار دەبێت لە لێکەوتەکانی ئەم هەنگاوە.
شەممە 25ـی نیسانی 2026، وەزارەتی بازرگانیی چین لە راگەیەندراوێکدا رەخنەی توندی لە 20ـەمین پاکێجی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا گرتووە. ئەم سزایانە ئەو کۆمپانیا و دابینکەرانە دەگرێتەوە کە تۆمەتبارن بە گەیاندنی کەرەستەی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و کاڵای "دوو لایەنە" (بەکارهێنانی مەدەنی و سەربازی) بە پیشەسازییە سەربازییەکانی رووسیا.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە ئەم هەنگاوەی برۆکسل "پێچەوانەی ئەو لێکتێگەیشتن و کۆدەنگییانەیە کە لە نێوان سەرکردەکانی چین و یەکێتیی ئەوروپادا هاتووەتە ئاراوە." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم بڕیارە بە جددی متمانەی دوولایەنە و سەقامگیریی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا تێکدەدات.
راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بازرگانیی چین جەختی لەوە کردووەتەوە، بێدەنگ نابێت و رێکاری پێویست دەگرێتە بەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی کۆمپانیا چینییەکان و هۆشداری دایە یەکێتی ئەوروپا "لایەنی ئەوروپی بەرپرسیار دەبێت لە هەموو ئەو لێکەوتە خراپانەی کە بەهۆی ئەم بڕیارەوە دروست دەبن."
ئەم گرژییە نوێیەی نێوان بەیژینگ و یەکێتی ئەوروپا لە کاتێکدایە، کە فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئەو وڵات و کۆمپانیایانەی هاوکاریی سەربازیی رووسیا دەکەن لە جەنگی ئۆکرانیادا، توندتر بوونەتەوە.