باڵیۆزخانەی ئێران لە ئەفریقای باشوور: ئێران خۆی بۆ گەورەترین هێرشی مووشەکی ئامادە دەکات
باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئەفریقای باشوور، پەیامێکی توندی وەکو هۆشداری بڵاوکردەوە و رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەکاریی تەواوی کردووە بۆ وەشاندنی گورزێکی سەربازیی بێوێنە.
شەممە 25ـی نیسانی 2026، بەگوێرەی راگەیەنداروێکی باڵیۆزخانەی ئێران لە ئەفریقای باشوور، تاران پلان و ئامادەکاریی کردووە بۆ ئەنجامدانی گەورەترین هێرشی موشەکی لە مێژوودا کە ئامانج لێی ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکایە لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
لە راگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە، ئەم هێرشە بە شێوەیەکی دەستبەجێ دەست پێدەکات، ئەگەر بێت و ئێران تێبینی هەر جۆرە جووڵەیەک یان ئاماژەیەکی هێرش بۆ سەر خاکەکەی یان بەرژەوەندییەکانی بکات.
ئەم لێدوانە توندەی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکەی ئێران لە کاتێکدایە، کە گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا گەیشتوونەتە ئاستێکی زۆر هەستیار و ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی فراوان لە ئارادایە.