ئەڵمانیا.. هونەرمەندێکی کورد پێشانگەیەکی شێوەکاری کردەوە
بەهایدن، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، پێشانگەیەکی شێوەکاری لەژێر ناوی "شارەزای خەیاڵی پەرستووکەکان"، لە ئەڵمانیا لەشاری مانهایم کردەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 25ـی نیسانی 2026، بەهایدن، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، دەربارەی کردنەوەی پێشانگەکەی بە کوردستان24ـی گوت، "تابلۆکانی ناو ئەم پێشانگەیە بە شێوازێکی هونەری و رەمزی، بینەر دەباتە ناو جیهانێک کە تێیدا پەرستووک وەک نیشانەی ئازادی، هیوای گەڕانەوە و گواستنەوەی سنوورەکان دەردەکەوێت. ناونیشانی پێشانگەکە ئاماژەیە بۆ دۆزینەوەی جیهانێکی باشتر، جیهانێک کە تێیدا مرۆڤ و سروشت بە ئارامی پێکەوە دەژین."
بەهایدن گوتیشی، "ئەم پێشانگایە هەوڵ دەدات لە رێگەی تابلۆ و رەنگە توند و زیندووەکانەوە، باس لە خەونەکانی مرۆڤ، ئارەزووی ئاشتی، و پەیوەندی نێوان گیان و جوانیی سروشت بکات. پەرستووک لە زۆر کولتووردا نیشانەی بەهار، نوێبوونەوە و گەڕانەوەی ژیانە، بۆیە لێرەدا وەکو هیوایەکی نوێ پیشان دەدرێت."
ئەو شێوەکارە باس لە گرنگی کردنەوەی پێشانگەکەی دەکات و دەڵێت، "لە هەمان کاتدا، واتای ئەوە دەگەیەنێت کە پێشانگەکە تەنیا باس لە شوێنێکی خەیاڵی ناکات، بەڵکوو گەڕانە بەدوای ئارامی ناوخۆیی و هاوسەنگیی دەروونی. واتە من هەوڵم داوە پەیامێک بگەیەنم کە مرۆڤ پێویستی بە ئازادی دەرەوە و بە ئازادی و ئارامی ناوەوەش هەیە."
ئەم پێشانگە شێوەکارییە کە لە ئەڵمانیا لەشاری مانهایم لەلایەن هونەرمەندێکی کورد لە 24ـی نیسانی 2026 کرایەوە و ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت.
بەهایدن شێوەکارێکی کوردی خەڵکی شاری سلێمانییە و دانیشتووی ئەڵمانیایە، هونەرمەندێکی بینراوی چالاکە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و کارەکانی پڕۆژەی نیگارکێشی، هونەری گرافیک، پەیکەرسازی و هونەری گشتی لەخۆ دەگرێت. ئەو بە بەکارهێنانی رەنگی دەربڕین و هێما و پێکهاتەی وێنەیی گێڕانەوە ناسراوە، کە تێیدا ئەزموونی کەسیی خۆی لەگەڵ تەوەرە گشتگیرەکاندا تێکەڵ دەکات.



