جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بازاڕی نەوتی رووسیای گەرم کردووە

هیندستان بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کورتهێنانە زۆرەی لە دابینکردنی نەوتی خاوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشی بووە، پەنا بۆ زیادکردنی کڕینی نەوتی رووسیا دەبات و جارێکی دیکە هەناردەی نەوتی لە ئێران، ڤەنزوێلا و وڵاتانی ئەفریقاوە دەستپێکردووەتەوە.

بازڕگانانی نەوت و شرۆڤەکارانی بازاڕی وزە ئاماژە بەوە دەدەن، هیندستان کە سێیەم گەورەترین کڕیاری نەوتە لە جیهاندا، بە شێوەیەکی ئاسایی نیوەی نەوتی خاوی خۆی لە رێگەی گەرووی هورمزەوە دابین دەکات، بەڵام لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوبات، جموجۆڵی بازرگانی لەو رێڕەوە ئاوییە گرنگەدا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.

پشتبەستنی زۆری هیندستان بە هاوردەکردنی نەوت و کەمیی یەدەگی ستراتیژیی ئەو وڵاتە بە بەراورد بە چین، وایکردووە شرۆڤەکاران هۆشداری بدەن کە هیندستان لە ریزی ئەو وڵاتانەدایە کە زۆرترین کاریگەریی نەرێنییان بەهۆی بەرزبوونەوەی لەناکاوی نرخی نەوتەوە لەسەر دەبێت.

داتاکانی چاودێریی کەشتییەکان و هاوردەکردن نیشانی دەدەن کە نیودێلهی توانیویەتی بەشێک لەو کورتهێنانە لە رێگەی هاوپەیمانە کۆنەکانی و زیندووکردنەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی ساڵانێک بوو نەوتی لێ نەدەکرین، پڕ بکاتەوە.

سەرچاوە سەرەکییەکەی هیندستان نەوتی خاوی رووسیا بووە؛ سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی رابردوودا بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە نیودێلهی هەوڵی دەدا دوور بکەوێتەوە، بەڵام لە مانگی ئاداردا هاوردەکردنی نەوت لە رووسیاوە گەیشتووەتە 1.98 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەمەش بازدانێکی گەورەیە بەراورد بە دوو مانگی پێشووتر.

نیکیل دوبای، شرۆڤەکار لە دامەزراوەی کیپلەر دەڵێت: "هاوردەکردنی نەوت لە رووسیاوە لە مانگەکانی کانوونی یەکەم و شوبات نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل بوو، بەڵام لە مانگی ئاداردا بۆ نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە، ئەمەش پێدەچێت بەهۆی ئەو ئاسانکارییە کاتییەوە بێت کە ئەمریکا بۆ ئەو نەوتە رووسیانەی لە ناو دەریادا بوون، دەری کردووە."

هاوکات لەگەڵ رووسیا، هیندستان رووی لە بازاڕەکانی ئەفریقاش کردووە. هاوردەکردنی نەوت لە ئەنگۆلاوە لە مانگی ئاداردا گەیشتووەتە 327,000 بەرمیل لە رۆژێکدا، کە ئەمەش سێ هێندەی مانگی شوباتە. هەروەها داتاکان نیشانی دەدەن کە نەوتی خاوی ئێران و ڤەنزوێلاش لەم مانگەدا گەیشتوونەتە پاڵاوگەکانی هیندستان. هاوردەی ئێران گەیشتووەتە 276,000 بەرمیل و ڤەنزوێلاش 137,000 بەرمیل لە رۆژێکدا.

رۆکۆد جۆدری، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای Rystad Energy ئاماژە بەوە دەکات، سەردەمی نەوتی هەرزان بۆ هیندستان کۆتایی هاتووە و ئێستا بەرمیلێک نەوت بە 5 تا 15 دۆلار لە سەرووی نرخی پێوەری جیهانیی برێنت دەکردرێت.

حکوومەتی هیندستان تاوەکو ئێستا رێگەی نەداوە نرخی سووتەمەنی لەناو وڵاتەکەیدا بەرز ببێتەوە و بڕی باجی سەر سووتەمەنی کەم کردووەتەوە، بەڵام شرۆڤەکاران هۆشداری دەدەن کە ئەگەری هەیە دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکان لە کۆتایی ئەم مانگەدا، نرخی هەر لیترێک بەنزین بە بڕی 28 روپیە (نزیکەی 30 سەنت) بەرز ببێتەوە.