فاتح بیرۆڵ: جەنگی ئێران کۆتایی بە سەردەمی سووتەمەنی فۆسیلی دەهێنێت
تاران و جیهان لەبەردەم وەرچەرخانێکی وزەدان؛ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە هۆشداری دەدات کە جیهان متمانەی بە نەوت و گاز نەماوە.
فاتح بیرۆڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA)، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ رۆژنامەی "گاردیان" رایگەیاند، ئەو قەیرانی وزەیەی بەهۆی جەنگی ئێستای ئێرانەوە دروست بووە، تەنیا تەنگژەیەکی کاتی نییە، بەڵکو دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی "هەمیشەیی" لە کەرتی سووتەمەنییە فۆسیڵییەکاندا و وڵاتان ناچار دەکات بە تەواوی ستراتیژییەکانیاندا بچنەوە.
بیرۆڵ ئاماژەی بەوە کرد، داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دوای هێرشە هاوبەشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل، وایکردووە 20%ی نەوت و گازی جیهان پەکبکەوێت. ناوبراو رەخنەی لە سیاسەتەکانی حکوومەتی ترەمپ گرت و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو هێرشە بێ پلانێکی روون بۆ کراوە هێشتنەوەی تەنگەکە ئەنجامدراوە، ئەمەش جیهانی رووبەرووی مەترسییەکی گەورە کردووەتەوە.
بەپێی داتاکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، متمانەی وڵاتان بە نەوت و گاز بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، ئەمەش بووەتە هۆی هاندانی زیاتری بەکارهێنانی وزە نوێبووەوەکان و وزەی ئەتۆمی. لەم چوارچێوەیەدا، بەکارهێنانی وزەی خۆر لە ئەوروپا، بەتایبەت لە ئەڵمانیا و بەریتانیا، بۆ دوو هێندە زیادی کردووە. تەنیا لە مانگی ئاداردا بەرهەمهێنانی وزەی خۆر 14% و وزەی با 8% زیادیان کردووە، ئەمەش یارمەتیدەر بووە بۆ کەمکردنەوەی شوێنەواری پچڕانی گازی سروشتی (LNG).
لە لایەکی دیکەوە، داتاکانی سەنتەری توێژینەوەی وزە و هەوای پاک (CREA) نیشانی دەدەن کە پێشبینییەکان بۆ گەڕانەوەی بەکارهێنانی خەڵووز شکستی هێناوە و بەکارهێنانی خەڵووز لە دەرەوەی چین کەمی کردووە. بیرۆڵ هۆشداریشی دایە بەریتانیا کە فراوانکردنی هەڵکەندنی بیرە نەوتەکان لە دەریای باکوور، هیچ سوودێکی بۆ ئاسایشی وزە یان دابەزاندنی نرخەکان نابێت.
بڕیار وایە هەفتەی داهاتوو نوێنەری 50 وڵاتی جیهان لە کۆڵۆمبیا کۆببنەوە بۆ تاوتێکردنی پرسی "تێپەڕین لە سووتەمەنی فۆسیلی" و دۆزینەوەی جێگرەوەی خێرا بۆ ئەو وزەیەی کە بەهۆی داخستنی تەنگەی هورمزەوە لەدەست چوون، کە رۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان دەخەمڵێندرێت.