هۆشداریی لە پاشەکشەی ئابووری عێراق دەدرێت
سەنتەری لێکۆڵینەوە بازرگانی و ئابووریی (TREC) لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا هۆشداری دەدات کە عێراق بەهۆی دۆخی ناوچەکە و پشتبەستنی بە داهاتی نەوت، رووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵنگاری گەورە دەبێتەوە.
سەنتەری لێکۆڵینەوە بازرگانی و ئابوورییەکان لە راپۆرتەکەیدا ئاشکرای کرد، بەهۆی بەردەوامیی گرژییەکانی ناوچەکە و
کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق، پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2026دا چالاکییە ئابوورییەکانی وڵات تووشی پاشەکشە ببن، ئەوەش بەهۆی دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتە.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی ئاداری رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، ئەمەش دەریدەخات کە ئابووری نیشتمانی تا چەند لەژێر کاریگەریی پشێوییەکانی بازاڕی وزە و گرفتەکانی هەناردەکردندایە.
سەنتەری TREC هۆشداری داوە، ئەم دۆخە دەبێتە هۆی دروستبوونی زنجیرەیەک کێشە، لەوانە، فشار خستنە سەر داهاتی گشتی، بەرزبوونەوەی تێچووی هاوردەکردن و گواستنەوە، لەگەڵ زیادبوونی فشاری هەڵاوسان و گرانبوونی کاڵا لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا.
لە راپۆرتەکەدا جەخت لەسەر پێویستی گرتنەبەری رێکاری پێشوەختە کراوەتەوە بۆ بەهێزکردنی توانای ئابووری نیشتمانی، ئەوەش لە رێگەی هەمەچەشنکردنی دەروازە بازرگانییەکان، دابینکردنی کاڵا، و پشتیوانیکردنی سەقامگیری بازاڕ بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی بازرگانی و خۆراک و گەرەنتیکردنی گەیشتنی پێداویستییە سەرەکییەکان بە هاووڵاتیان.
ئەم هۆشدارییە لەکاتێکدایە کە بەهۆی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و داخستنی گەرووی هورمز، دۆخی بازرگانی و هەناردەی نەوت و گازی وڵاتانی ناوچەکە بۆ بازاڕەکانی جیهان پەکی کەوتووە، لەو نێوەندەدا عێراق کە لە %90 ـی پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە، لەمانگی رابردوو نزیکەی 5 ملیار دۆلاری لەدەستداوە.