هاباگ لوید: جەنگی ئێران 50 ملیۆن دۆلار تێچووی گواستنەوەی زیادکردووە

کۆمپانیای "هاباگ-لوید " (Hapag-Lloyd)، کە گەورەترین کۆمپانیای گواستنەوەی کۆنتێنەرە لە ئەڵمانیا رایگەیاند، بەهۆی گرژییەکانی ناوچەی کەنداو و گەرووی هورمزەوە، رووبەڕووی زیان و تێچوویەکی زۆر بوونەتەوە و لە ئێستاشدا هیچ دەرفەتێک نییە بۆ تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکانیان بەو رێڕەوەدا.

یەکشەممە 26ـی نیسانی 2026، رۆڵف هابن یانسن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە ئاشکرای کرد، جەنگ و ململانێی پەیوەست بە ئێران، هەفتانە نزیکەی 50 ملیۆن دۆلار نزیکەی 43 ملیۆن یۆرۆ تێچووی زیادە دەخاتە سەر کۆمپانیاکە. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆکاری سەرەکی ئەم تێچووەش بۆ بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی سووتەمەنی دەگەڕێتەوە. 

یانسن ئاماژەی بەوەش کردووە، کۆمپانیاکە ناچار بووە تێچووی زیاتر بخاتە سەر کڕیارەکانی و گوتیشی: "کڕیارەکانمان بە باشی لەم باجە زیادانە تێدەگەن و قبوڵیان کردووە".

بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆمپانیاکە، لە ئێستادا 6 کەشتی بارهەڵگری "هاباگ-لوید" لەناو ئاوەکانی کەنداودا گیریان خواردووە و ناتوانن لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕن. 

بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە دەڵێت: "لە ئێستادا هیچ دەرفەتێک بۆ تێپەڕین نییە و چاوەڕێی ساتێکی گونجاو دەکەین".

چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن، هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز بە تەواوی پەکی کەوتووە، چونکە ئێران هێرش دەکاتە سەر هەر کەشتییەک کە بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ ئەوان بیەوێت بەو ناوچەیەدا تێپەڕێت.

لە مانگی ئاداری رابردوودا، کەشتی کۆنتێنەری "سۆرس بلیسینگ" (Source Blessing)  کە سەر بەم کۆمپانیا ئەڵمانییەیە، بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە تەقەمەنی بەرکەوت و ئاگری گرت، بەڵام تیمەکەی توانییان کۆنترۆڵی بکەن.

پێشتر هێزەکانی ئێران رایانگەیاندبوو، هێرشیان کردووەتە سەر سێ کەشتی بارهەڵگر و هاتوچۆیان پەکخستوون، لە هەمان کاتدا دەستیان بەسەر دوو کەشتی تریشدا گرتووە، کە یەکێکیان بە ناوی "MSC Francesca" سەر بە کۆمپانیایەکی گواستنەوەی سویسرییە.

ئەم بارودۆخە بووەتە هۆی پەککەوتنی یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان و بارگرانییەکی زۆری خستووەتە سەر کەرتی گواستنەوەی دەریایی نێودەوڵەتی، هاوکات نرخی سووتەمەنی و کەلوۆەلەکانیش لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوونەتەوە.